شاندێکی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە بەغدا

شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان بە گرنگی دەزانێ جگە لە شاندی حکومەت، شاندی پەرلەمانیش سەردانی بەغدا بکات.
هێمن هەورامی وتی” بڕیاریان داوە هەفتەی داهاتوو شاندێک بە بەشداریی زۆربەی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی پەرلەمان و حکوومەتی عێراق کۆ ببێتەوە”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکە بە مەبەستی نیشاندانی پشتیوانیی پەرلەمانی کوردستان لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات.
هێمن هەورامی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندن بە گفتوگکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و شاندەکەی پەرلەمانیش تەنیا بۆ دەربڕینی پاڵپشتی بۆ شاندی حکوومەت، سەردانی بەغدا دەکات.
وتیشی” پەرلەمانی کوردستان چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، کە تایبەتە بە پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 و تەواوکردنی ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە”.

ھەواڵی زیاتر