دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 3 هەزار سەبەتەی خۆراکی تایبەت بە ئاوارەکان دزراون و لە بازاڕی شارۆچکەی کەلار لە ناوچەی گەرمیان فرۆشراون. یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش زیندانیی کراوە.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، تیمەکانی نووسینگەکەیان لە پارێزگای دیالە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر زیاتر لە 3 هەزار سەبەتەی خۆراکی ئاوارەکان و کۆمەڵێک جلی تایبەت بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندا گرتووە، کە “لە کۆگایەکی کەرتی تایبەتدا لە شارۆچکەی کەلار کۆکرابوونەوە”.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیاربووە سەبەتە خۆراکەکان بەبێ بەرانبەر دابەشبکرێنە سەر ئەو ئاوارانەی کە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ناویان تۆمارکراوە، بۆیە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە “فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی دەستپاکی لە بەعقووبە وەرگیراوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو سەبەتە خۆراکانە و هەرشتێک پەیوەندی بەو کەیسەوە هەیە”.