ئەگەر پرۆژەکەی ڕێبوار سەربگرێ چی روودەدا؟

گواستنه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌ر به‌غدا، به‌ قسه‌ى دكتۆر ڕێبوار بێ قۆناغى باشى بڕیوه‌ و بۆى هه‌یه‌ له‌ كریسمسدا ئاهه‌نگى بۆ بگێڕین، چونكه‌ به‌ڕێز ڕێبوار و هاوده‌سته‌كانى به‌شێوه‌یه‌كى وا وێناى ده‌كه‌ن، خۆشنوودى و خۆش گوزه‌رانى له‌ ئاسۆوه‌ سه‌ره‌تاتكه‌مان لێده‌كات، ده‌هێنى پێى شاگه‌شكه‌ ببین.

به‌ قسه‌ و لێدوانى به‌ڕێز ڕێبوار بێ ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان (682) هه‌زار و خورده‌یه‌كه‌، به‌ڵام ژماره‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ى فه‌رمانبه‌رانى فیعلى به‌پێى داتاى بایۆمه‌ترى نزیكى (752) هه‌زاره‌، به‌ڕێز ڕێبوار جیاوازییه‌كه‌ ده‌زانێ، به‌ڵام زیاده‌كه‌ به‌ لاى ئه‌وه‌وه‌ بندیوارن، له‌ دوا دیدارى له‌گه‌ڵ ڤوا ئه‌مریكاى كوردى، به‌ تیل نیشان ئه‌و مه‌به‌سته‌ى گه‌یاندووه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خوا بكا پڕۆژه‌كه‌ى سه‌ر بگرێ وا نزیكه‌ى (70) هه‌زار فه‌رمانبه‌ر مووچه‌كانیان ده‌بڕێ، بێ ئه‌وه‌ى به‌ڕێز ڕێبوار بزانێ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ كێن و چین.

ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ى د. ڕێبوار سه‌ر بگرێ، مووچه‌ى نزیكه‌ى (243)هه‌زار خانه‌نشین ده‌بڕدرێ، نیوه‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ خانه‌نشینى سلكى مه‌ده‌نین به‌شێكیان هى پێش ڕاپه‌ڕینن مووچه‌یان ته‌نیا (240) هه‌زار دیناره‌.

ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ى به‌ڕێز ڕێبوار و دوو په‌رله‌مانتا‌ره‌ كورده‌كه‌ى دیكه‌ى هاوڕێى سه‌ر بگرێ نزیكى (99) هه‌زار مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى ده‌بڕدرێ، (160) هه‌زار كه‌س له‌ مووچه‌ى كه‌م ئه‌ندامى و چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى بێ به‌ش ده‌بن.

به‌م جۆره‌ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ى كاك ڕێبوار و هاوڕێكانى سه‌ر بگرێ، وا (472) هه‌زار مووچه‌ خۆر، له‌ مووچه‌كانیان بێ به‌ش ده‌كرێن، كه‌ ئه‌گه‌ر واى دانێن هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ به‌رپرسیارى ژیاندنى پێنج كه‌سه‌، وا له‌ سه‌رینى پڕۆژه‌كه‌ى كاك ڕێبواره‌وه‌، پتر له‌ دوو ملیۆن مرۆڤ نان بڕاو ده‌بن.

هه‌ڵبه‌ت من به‌ باشى له‌ نیاز و مه‌رامى ئه‌و سێ به‌ڕێزانه‌ تێده‌گه‌م، به‌ڵام نابمه‌ به‌شێك له‌و ته‌یفه‌ى تۆمه‌تیان وه‌پاڵ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ له‌ كورتى ده‌یبڕمه‌وه‌ و ده‌بێژم: ئامانجى ئه‌و به‌ڕێزانه‌ هه‌رچییه‌ك بێ و بۆ هه‌ر مه‌رام و مه‌به‌ستێك بێ، وه‌سیله‌ى گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌یان ناشه‌رعى و نا مرۆڤانه‌یه‌.

سەربەست جیهاد

ھەواڵی زیاتر