سه‌ركۆنسوڵی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ گه‌رمیانه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 25ی تشرینی دووه‌م، سه‌ركۆنسوڵی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد و له‌گه‌ڵ جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و نوێنه‌ری كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیاندا كۆبووه‌وه‌.

هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سه‌ركۆنسوڵی فه‌ره‌نسا‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد و له‌گه‌ڵ جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و نوێنه‌ری كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان كۆبووه‌‌وه‌ و دواتر سه‌ردانی گۆڕستانی “دێبنه‌”ی ناحیه‌ی ڕزگارییان كردووه‌ و تاجه‌گوڵینه‌یان له‌سه‌ر مه‌زاری ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان دانا.

وتیشی، كۆنسوڵی فه‌رنسا بڕیاره‌ سه‌ردانی قه‌ڵای شێروانه‌ش بكات، به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوون به‌ شوێنه‌واره‌كان و مێژووی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی فه‌ره‌نسا و كوردستان دێرینه‌ و فه‌ره‌نسا ده‌خوازێت ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پته‌وتر بكات.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ سه‌ركۆنسوڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی هه‌ماهه‌نگی كردن له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی گه‌رمیان كردووه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌ك پیشانداوه‌.

ھەواڵی زیاتر