فرسەت سۆفی کۆچی دوایی کرد

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر بەھۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر. 

– دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە

– مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو

– ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو

– ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو

– ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو

– ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو

– سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو 

نێچیرڤان بارزانی: د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو

بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم.

د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.

دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.

خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

18/11/2020

کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەولێر: بەداخەوەین بۆ کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی

کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دەکات و دەڵێت “‏زۆر بەداخەوەین بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر. سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەکەی و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین.”

پارێزگاری دهۆک: دکتۆر فرسەت سۆفی کەسێکی راستگۆ و ماندوونەناس بوو

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پرسەنامەیەک ئاراستەی کەسوکاری د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت “بە داخەوە هەڤاڵ و برایەکی ئازیز، کەسێکی خاکی و خۆشەویست، راستگۆ و ماندوونەناس دکتۆر فرسەت سۆفی گیانی لەدەستدا.”

پارێزگاری دهۆک سەرەخۆشی خۆی لە کەسوکاری پارێزگاری هەولێر و خەڵکی هەولێر و هەموو کوردستانییان دەکات و دەشڵێت ” ئێمە کەسێکی بە توانا، پاک و راستگۆمان لەدەستداوە، جێگەی بەهەشت بێت و رەوانی شاد بێت.”

پارێزگاری سلێمانی: بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی برا و هاوڕێی ئەزیزم دکتۆر فرسەت سۆفی

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ماڵباتی کەسوکاری پارێزگاری هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت “بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پرسە و پەژارە و خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی براو هاوڕێ و هاوکارو ئازیز و بەڕێزمان کاکە دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین.”

پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە  هەموو لایەکمان ببەخشێت و رۆحی بەڕێزیان شادبێت.

دەقی پرسەنامەکەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پرسەو پەژارەو خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی براو هاوڕێ و هاوکارو ئازیزو بەڕێزمان کاکە دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین.

داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە  هەموو لایەکمان ببەخشێت  و ڕۆحی بەڕێزیان شادبێت.

‏‎انا للە وانا الیە راجعون

۲٠۲٠/۱۱/۱۸

ھەواڵی زیاتر