كاروان كه‌لاری/ باڵكێش
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 14ی تشرینی دووه‌م، ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانی کوردستان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشکرای کرد، “تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان توشی کۆرۆنا بوون.”
له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه، وتی: “پێشهاتی بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆران به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و ته‌مویلی كورتهێنانی مووچه له عێراق له‌ڕێگه‌ی یاسایه‌كه‌وه پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنه و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌ڕوانگه‌ی په‌رۆشییان بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته به‌هه‌ند وه‌ربگرن و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیعدا بكه‌ن.”
وتیشی: “پێویسته گفتوگۆ بكه‌ین و چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه، چونكه بابه‌تێكی گرنگه و سبه‌ی له‌سه‌ری كۆده‌بینه‌وه و پێویسته په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌ركی خۆی ڕاپه‌ڕێنێت و دانیشتنی بۆ ئه‌نجام بدات، ئه‌وكات بڕیاری په‌رله‌مان ئاشكرا ده‌بێت له‌وباره‌یه‌وه.”
باسی له‌وه‌شكرد، “ڕاسته كورد پێكهاته‌یه‌كی گرنگه له عێراق، به‌ڵام له عێراق زۆرینه و كه‌مینه هه‌یه و له هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌یه و ئه‌و بابه‌ته‌ش بووه به یاسا و پێویسته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یاسا و ئه‌مری واقیعدا بكه‌ین.”
كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانیشی ئاشكرا كرد، وتی، “هه‌ركاتێك ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه تووشی كۆرۆنا بوون، چاكبوونه‌وه، ده‌ست به دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه.”
بڕیاره سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه، 15ی تشرینی دووه‌م، سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا له‌باره‌ی تێپه‌ڕاندنی یاسای ته‌مویلی قه‌رزی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه كۆببنه‌وه، كه كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه به‌بێ ده‌نگی نوێنه‌رانی كورد تێپه‌ڕێندرا و تیایدا بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕدرا.