ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسەندکرد، ئەو بڕیارە کوردی نیگەران کرد، چونکە بێبەشی دەکات لەو بەشە پارەیەی کە لەسەری رێککەوتوون بۆ مووچەی فەرمانبەران.
بەپێی دەقی یاساکە ، بڕی ئەو قەرزەی رێگەدراوە وەزیری دارایی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە بیکات، لە 41 تریلیۆن دینارەوە بۆ 12 تریلیۆن کەمکراوەتەوە، بەو مەرجەی ٪20ـی ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بێت.
یاساکە هەروەها ژمارەیەکی هەمواری لیژنەی داراییشی تێدایە، لەوانە خەمڵاندنی بڕی داهاتی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بە 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار، لیژنەی دارایی هەروەها کۆی گشتی خەرجییە پێویستەکان لەو چوار مانگەدا بە 22 تریلیۆن و 500 ملیار دینار دەخەمڵێنێت، بڕی داهاتی خەمڵێنراوی نانەوتیش لەو چوار مانگەدا بە 2 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە .
لە ماددەی یەکەمی یاساکەدا هاتووە: بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2020 بە 19 تریلیۆن و 719 ملیار و 483 ملیۆن و 139 هەزار دینار دەخەمڵێنرێت، لەسەر بنەمای هەناردەی بەرمیلێک نەوتی خاو بە نرخی 40.51 سەنت، تێکڕا هەناردەش 3 ملیۆن و 33 هەزار و 273 بەرمیل بێت. لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان.
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، ئەگەر هەموو داهات و خاک و میلەتیش تەسلیمی عێراق بکرێت، عێراق ئاماده نابێت بودجه و مووچه و مافی گەلی کوردستان بدات .
وتیشی” ئەمڕۆ زیاتر ماھیەتی عێراقیەکان دەرکەوت، سوننه و شیعه لەگەڵ ئەو هەموو دوژمنایەتییەی هەیانه، هەردووکیان هەر عەرەب بوون و پێکەوه بە یەک دەنگ داوای بڕینی بودجه و مووچەی هەرێمی کوردستانیان کرد”.
کاکە حەمە پێی وایە، سێ رێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا هەن، یەکەم: چیتر داوای پاره و بودجه و مووچه له عێراق نەکرێت. دووەم: کورد له بەغدا بکشێتەوە. سێیەم: ئەو داهاتەی هەیه له کوردستاندا رێکی بخەنەوە و بە شێوەیەکی گونجاو هەموو (۳٠) سی رۆژ جارێک مووچە بدرێت، بۆ ئەوەی چاوەڕێی بەغدا نەبن و چیدی کورد لە بەردەم بەغدا و عەرەب زەلیل نەکەن.
کازم سەیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق دەڵێ” من داوام لە یەک بە یەکی پەرلەمانتاران کردووە جێگەی کورد لە قەرزەکەدا نەکەنەوە و ئەگەر پشکی تێدا بوو دەنگی پێ نەدەن”. ئەم قسەیەی سەیادی بەو مانایە دێت، کە هەموو فراکسیۆنە عەرەبییەکان، بە سوننە و شیعەوە دەنگیان لە دژی کورد داوە.
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو دەستیپێکرد و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
دوای دەنگدان لەسەر پێنج ماددەی یەکەمی یاساکە (ماددەی یەکەم تاوەکو شەشەم، جگە لە ماددەی پێنجەم کە سڕایەوە)، مشتومڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد، دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەڕێوەچوو و یاساکە پەسەندکرا.