كاروان كه‌لاری/ باڵكێش
دوو فه‌رمانبه‌ری نیشته‌جێی قه‌زای داقوقی سه‌ربه پارێزگای كه‌ركوك، به‌ناوه‌كانی (سه‌باح ساڵه‌ح) و (سه‌باح غه‌ریب)، له‌لایه‌ن هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌بی هاورده‌وه سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه و سزای شه‌ش مانگ زیندانییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه.”
ئه‌رسه‌لان عه‌لی، كه‌سێكی نزیك له‌م دوو فه‌رمانبه‌ره كورده به تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “ئه‌م كه‌سانه‌ی ئێمه له‌لایه‌ن هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌بی هاورده‌وه دراونه‌ته دادگا، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له پێش ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه، زه‌وی كشتوكاڵییان لێوه‌رگرتووه‌ته‌وه.”
وتیشی، “له‌ئێستادا ئه‌م كه‌سانه‌ی ئێمه له‌لایه‌ن داگاوه سزای 6 مانگ زیندانییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و زه‌وییه‌كه‌ش دراوه به‌و عه‌ره‌به هاورده، له‌كاتێكدا پێشتر به به‌ڵگه سه‌لماندوویانه كه زه‌وی خۆیانه و به‌پێی یاسا دۆسیه‌كه‌یان بردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هاوڵاتییه عه‌ره‌به‌كه تانه‌ی له بڕیاره‌كه داوه و ته‌میزی كردووه‌ته‌وه، بۆیه دادگا بڕیاره‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌به‌كه گۆڕیوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كه، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی سنوره‌كه‌ش بێت.”
له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه، تائێستا حكومه‌تی عێراق و میلیشیا شیعه‌كان به‌رده‌وامن له هاورده‌كردن و نیشته‌جێكردنی خێزانی عه‌ره‌ب له شوێنی هاوڵاتیانی كوردی ڕه‌سه‌نی كه‌ركوك و به‌شێكی تری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به ئاشكراش ده‌ستیان كردووه به “پرۆسه‌ی به عه‌ره‌بكردن”ی ئه‌و ناوچانه.