ورده‌كاریی دۆسیه‌ی‌ ژنه‌ كورده‌ ده‌ستدرێژی لێكراوه‌كه‌ی پردێ

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەم، دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك، بڕیاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەو دوو کەسەدا سەپاند، کە دەستدرێژییان کرده‌ سەر ژنێکی كوردی خاوەن پێداویستیی تایبەت به‌ناوی (ژیان جومعه‌)، لە بازگەی پردێ.

ئاهه‌نگ ئه‌نوه‌ر، یه‌كێك له‌ پارێزه‌رانی دۆسیه‌كه‌ ورده‌كاریی دۆسیه‌كه‌ی بۆ باڵكێش ئاشكرا كرد، وتی، “دوو تاوانباری سه‌ره‌كی له‌ دۆسیه‌كه‌دا بوو‌، هه‌ردووكیان له‌ 7ی4 ده‌ستگیركراون، یه‌كێكیان ده‌ستدرێژی سێكسی كردووه‌ته‌ سه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ و یه‌كێكیشیان گرته‌كه‌ی تۆمار كردووه‌.”

له‌باره‌ی ناسنامه‌ی تاوانباره‌كانه‌وه‌ ئاهه‌نگ ئه‌نوه‌ر، وتی، تاوانباره‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمانن و خه‌ڵكی ناحیه‌ی پردێن، ئه‌وه‌یان ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ ناوی (ئیبراهیم ڕۆكان حه‌سه‌ن محه‌مه‌د)ه‌ و توركمانی سوننه‌یه‌ و پیشه‌ی پۆلیسه‌، تاوانباره‌كه‌ی تریش به‌ ڕه‌گه‌ز شیعه‌ی توركمانه‌ و خه‌ڵكی پردێیه‌ و ناوی (ئیبراهیم محه‌مه‌د شاكر)ه‌ و گرته‌كه‌ی تۆمار كردووه‌.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “كه‌ به‌ره‌ی توركمانی كه‌ركوك به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ته‌مویلی تاوانباره‌كانی كردووه‌ و پاره‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌رخانكردوون و نزیكه‌ی 20 پارێزه‌ریشیان ڕاسپاردووه‌ بۆ دۆسیه‌كه‌ و به‌رده‌وامیش هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ ئێمه‌ كردووه‌ و داوایان لێكردووین پاشه‌كشه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دابخرێت، وتیشی، سه‌ره‌تا به‌شێوه‌ی خۆبه‌خشانه‌ دۆسیه‌كه‌م وه‌رگرتووه‌ و له‌لایه‌ن ئیستخبارات و ئاسایشی نیشتیمانی كه‌ركوكه‌وه‌ تۆمه‌ت و دۆسیه‌م بۆ دروستكراوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌م لێكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌كشه‌ بكه‌م، به‌ڵام به‌رده‌وام بوومه‌، تا دۆسیه‌كه‌مان به‌ ئه‌نجام گه‌یشتووه‌.”

باسی له‌وه‌شكرد، “كه‌ دواتر سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان داوایان لێكردوون تیمێك له‌ پارێزه‌ران دروستبكه‌ن، ئه‌وانیش تیمێكی 6 كه‌سییان دروستكردووه‌، كه‌ له‌ پارێزه‌رێكی ئافره‌ت و 5 پارێزه‌ری پیاو پێكهاتووه‌.”

ئاشكراشی كرد، “ئافره‌ته‌كه‌‌ له‌ئێستادا له‌ شه‌ڵته‌رێكدایه‌ له‌ شاری هه‌ولێر و تاوانباره‌كانیش ئه‌مڕۆ به‌پێی بڕگه‌ی 1 له‌ مادده‌ی 393 ی یاسای سزادانی عێراقی سزادراون به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی و ڕاگیرانیشیان لەسەر سزاکە هەژمار كراوه‌‌، کە له‌ 4ی7 تاوەکو 8ی11یه‌.”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “كه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌م بڕیاره‌ ده‌نێردرێت بۆ دادگای ته‌میز و له‌وێ ته‌میز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وكات ئه‌گه‌ری گۆڕینی سزاكه‌ له‌ زیندانی هه‌تاهه‌تاییه‌وه‌ بۆ له‌سێداره‌دان هه‌یه‌.”

له‌سه‌ره‌تای مانگی 4ی ئه‌مساڵ، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوبووەوە، كه‌ له‌بازگەی پردێ کەسێک بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنێکی كوردی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسەکەی تریش گرتەکە تۆماردەکات، کە ژنەکە خەڵکی شاری کەرکوکە و دواتر لەلایەن هاوسەره‌كه‌یه‌وه‌ سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکرا، دواتریش سه‌رۆك بارزانی، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، “ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ باجی ئه‌و بێڕه‌وشتیه‌یان كاره‌یان بده‌ن.”

ھەواڵی زیاتر