پەیامێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لەبارەی هێرشەکەی پەکەکە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/11/4 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی ساز کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هێرشی ئەمڕۆی ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک لە لایەن هێزەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە ، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە ، هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان . حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی شەڕی براکوژییە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت، ئەم  هێرشەی ئەمڕۆش کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی پەکەکە، بە تووندی ئیدانە دەکات و بە دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی لە قەڵەم دەدات . لەم چوارچێوەیەشدا، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگری لە تێکچوونی ئاسایشی هەرێم دەکەین.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران جارێکی دیکە هوشداریدا لە مەترسییەکانی زیاتر تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە گەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما  ، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕۆژ نییە چەندین کەس گیان لە دەست نەدەن . بۆیە دامودەستگاکانی حکومەتی ڕاسپارد کە نابێ بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکرێت، بەتایبەتی لە فەرمانگەکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان. ئەوانەی بێ باکیشن و بە شێوەیەکی نابەرپرسانە مامەڵە لە گەڵ ئەو دۆخە مەترسیدارە دەکەن و پابەند نابن ، ئەوە بەداخەوە بە مەبەست ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسیی جیددیەوە و دەبنە هۆکار بۆ مردنی خزم و کەسوکار و هاووڵاتییان بە گشتی. 

پاشان دوکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ڕەوشی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ستراتیجی وەزارەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو.

دواتر ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میکانیزم و ئاستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و کێشە و گرفت و ئاستەنگەکان خستەڕوو. ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشنیاریش کرد بۆ زیاتر پابەندبوونی فەرمانگەکانی حکومەت و هاووڵاتییان و سەردانکەرانی دامودەزگا حکومییەکان بە ڕێنماییەکان  .

لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە ڕێکخستنی کاری کۆمپانیا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان و داتا وزانیاریی پێویستی لەم ڕووەوە خستەڕوو ، کە تیایدا مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی کار بەم کۆمپانیایانە و پابەندییەکانیان و چالاکیەکانیان وپابەندکردنیان بە پێدانی باجی پێویست وچاودێریکردنی کارەکانیان لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پاسەوانی روونکرابووەوە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی کار وچالاکی ئەم کۆمپانیايانە لە چوارچێوەی مەبەستەکانی دامەزراندنیان و بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، دوای لە بەرچاوگرتنی هەموو تێبینی و پێشنیارەکان، پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بەم بابەتە ئامادە بکرێت و لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.

ھەواڵی زیاتر