لە یەکەم ڕۆژی بڕیاردانی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، نەجمەدین کەریم، وەکو پارێزگاری کەرکووک، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕی، بەر لەوەش، بە بڕیارێکی خۆی و رەزامەندی زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئاڵای کوردستانی لە سەر باڵەخانە حکومیەکان هەڵکردبوو، ئەمەش نەیارانی کوردی بە تەواوی لە خۆی تووڕەکردبوو.
دوای ئەوەی ریفراندۆم بە سەرکەوتوویی تەواوبوو و کەرکووکییەکانیش وەکو هەموو کوردستانییەکانی دیکە بەشدارییان تێیدا کرد، لایەنە عێراقییەکان و بەدیاریکراوی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، دەستیان بە خۆ کۆکردنەوە کرد بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. سەرەتا تەنیا هەڕەشە هەبوو، پێشمەرگەش لە لووتکەی هێز و ورەدابوو، چونکە تازە کۆتایی بە داعش هێنابوو.
حەشدی شەعبی زانی کە ناتوانێت پێشمەرگە بە ئاسانی بکشێنێتەوە، بۆیە پەنای بۆ رێککەوتنی ژێر بە ژێر برد لەگەڵ لایەنی کوردی.
رێککەوتنیان کرد و کەرکووک رادەست کرا، بەڵام نەیانتوانی نەجمەدین کەریم بکوژن
کاتێک حەشدی شەعبی بەرەو کەرکووک پێشڕەویی کرد، پێشمەرگە بەتەواوی هێزی خۆیەوە بەرپەرچی دایەوە، بەڵام لە ناکاو لیوای 102ی پێشمەرگە کە راستەوخۆ فەرمانیان لەلایەن لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ دەهات، کشانەوە و پشتی بەشێک لە پێشمەرگەکانیان بەردا کە زۆربەیان لیوای پاسەوانی کۆسرەت رەسوڵ، سکرتێری یەکەمی گشتیی ئەوکاتی حیزبەکەی خۆیان بوو( زانیان کۆسرەت رەسوڵ بەوە رازی نابێت، بۆیە بەوجۆرە پشتیان لە هێزەکەی کرد)، لەو شەڕەدا پێشمەرگە کەوتە داوەوە و نزیکەی 80 شەهیدی دا، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە کەوتنە ژێر دەستی حەشدی شەعبی.
دواتر لە مەرزی باشماخەوە کۆمەڵێک هەمەڕ و باجەڕ بە هاوکاری لاهور جەنگی پشتیان لە پێشمەرگە گرت، ویستیان لە ناو کەرکووک دکتۆر نەجمەدین کریم بکوژن، وەکو نەجمەدین کەریم باسی کردبوو “داوایان لێی کرد بێتەوە ماڵەکەی خۆیی و لە کەرکووک دەرنەچێت، بەڵام ئەمە پیلانێک بوو بۆ ئەوەی بیکوژن”.
چۆن رزگاریبوو؟
پاش ئەوەی کە پیلانی کوشتنی نەجمەدین کەریم ئاشکرا بوو، توانرا بە هاوکاری ئاسایشی گشتی و ئاسایشی پارتی رزگار بکرێت لەکوشتن و بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ئاسایشی پارتی خۆی بگەیەنێتە هەولێر.