مه‌سرور بارزانی: نه‌جمه‌دین كه‌ریم ڕۆڵێكى گرنگیی لە ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلوماسیی و ئەکادیمییە جیهانییه‌كاندا هه‌بوو

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی هاوخه‌می بۆ كۆچی دوایی “نه‌جمه‌دین كه‌ریم” پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك بلاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: “د.نەجمەدین لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە وەک پێشمەرگەیەک و سەرکردەیەکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و دواتریش لە دەرەوەی وڵات، رۆڵێكى گرنگیی لە خه‌باتى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان و ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلوماسیی و ئەکادیمییە جیهانییەکاندا هەبوو.”

ده‌قی هاوخه‌مییه‌كه‌:

به‌داخ و پەژارەیەکی زۆره‌وه‌ ، هه‌واڵى كۆچى دوایى کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و بە هەڵوێستی کوردستان (دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم)م پێگەیشت. د.نەجمەدین لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە وەک پێشمەرگەیەک و سەرکردەیەکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و دواتریش لە دەرەوەی وڵات، رۆڵێكى گرنگیی لە خه‌باتى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان و ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلوماسیی و ئەکادیمییە جیهانییەکاندا هەبوو. لە دواى ئازادکردنی عێراقیش لە رژێمی دیکتاتۆریی ، وەک پارێزگاری کەرکووک، جێدەستی لە قووڵكردنه‌وه‌ى گیانى بەیەکەوه‌ژیانى ئاشتییانەی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان دیار بوو.  پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆم له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌ى و خه‌ڵكى كوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووک ده‌كه‌م و هاوبه‌شى خه‌میانم، خواى مه‌زن گیانى به‌ به‌هه‌شت شاد بكات و ئارامییش بە هەموومان ببەخشێت.

مه‌سرور بارزانى

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

2020/10/31

ھەواڵی زیاتر