ئەڵمانیا وادەی گەڕانەوەی سەربازانی لە عێراق درێژکردەوە

حازم جەعفەر/ باڵکێش

ئەڵمانیا وادەی گەڕانەوەی سەرباز و ڕاوێژکارانی سەربازی وڵاتەکەی لە عێراق، بۆ ماوەی 15 مانگی دیکە درێژ کردەوە.

پەرلەمانی ئەڵمانی بە دەنگی 431 پەرلەمانتار مانەوەی 500 راوێژکاری سەربازی و سەربازی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی نێودەولەتیی دژی داعش لە عێراق، بۆ ماوەی 15 مانگی دیکە درێژکردەوە.

ئەمە لە کاتێکداتە کە داعش لە عێراق هێرشەکانی دەستپێکردووەتەوە و شەوێ ڕابڕدووش کاتژمێر 10ی شەو کۆتا هێرشی داعش بۆ سەر بارەگای فەوجی پۆلیسی بەرگری فریاکەوتنی دیالە بووە لە ناحیەی گوڵاڵەی سەر بە قەزای خانەقین، لە هێرشەکەدا پۆلیسێک کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون، هەفتەی ڕابردووش داعش لە رێگەی دانانی بازگەی کاتییەوە، تەقەی لە سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی کرد، کە بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون و شەش کەسیشی ڕفاند، کە سیانیان ئافرەت و سێی دیکەش پیاو بوون، دواتر پیاوەکان کوژران و ئافرەتەکان ئازاد کران.

ئەمڕۆ هەینی، 30ی ئۆكتۆبەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پێگەی تایبەیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێكدا نوسیوویەتی، ”سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەكەین بۆ درێژكردنەوەی ئەركی هێزە ئەڵمانییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان.”

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: ”سوپاس بۆ گەل و حكومەتی ئەڵمانی كە پشتیوان و هاوكارمانن لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دەشڵێت، هێشتا پێویستمان بە پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە.”

ھەواڵی زیاتر