ئەو خۆراکانە چین کە سوڕی خوێن چالاک دەکەن و ئازار و گرژی ماسولکەکان کەم دەکەنەوە؟

سووڕی خوێن ئەو ھۆکاری گواستنەوەیە لە لەشدا، کە خواردن و ئۆکسجین دەگەیەنێتە ھەموو ئەندامەکانی جەستەت، لە مێشک بگرە تادڵ و تا دەگاتە ماسولکەو پێست.

خۆراکی تەندروست یەکێکە لەو ڕێگایانە بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن، لەگەڵیدا وەرزش ، ئاو خواردنەوە، کۆنتڕۆڵکردنی کێش، جگەرەنەکێشان، دوورکەوتنەوە لە کافایین ..ھتد.
ھەندێک خۆراک بە ڕێژەیەکی زۆر سوڕی خوێن چالاک دەکەن، بۆیە ئەمجارە کەدەچیت بۆ مارکێت و پێداویستییە خۆراکیەکانت دەکڕیت ھەوڵ بدە ئەو جۆرە خۆراکانە ھەڵبژێریت کە ئەمانەن:

١- بیبەری توونی سوور : ئەم جۆرە بیبەرانە تەنیا وەک بەھاراتێک تام و چێژ نادەن بە خۆراکەکانت، بەڵکو بەڕێژەیەکی زۆر ماددەی ” کاپسەسین” یان تیادایە کە خوێنبەرەکان پاکدەکەنەوە، ھەروەھا ئازارشکێنن و ماسولکەکانیش خاودەکەنەوە کەئەمەش دەبێتە ھۆی چالاکبوونی زیاتری سووڕی خوێن و کەئەمەش شتێکی باشە بۆ فشاری خوێن.

٢- چەوەندەر: ئەم خۆراکە ڕێژەیەکی زۆری نایترەیتی تیادایە، کەلەشدا دەگۆڕێت بۆ نایتریک ئۆکساید، نایتریک ئۆکسایدیش بۆرییەکانی خوێن نەرمدەکاتەوەو سوڕی خوێن چالاکدەکات لە خانەو شانەکانی لەشدا . ھەندێک لەتوێژینەوەان دەڵێن شەربەتی چەوەندەر فشاری خوێن دادەبەزێنێت بە تایبەت سەرەکەی (سیستۆلیک) .

٣- بێرییەکان: کەئەمیش خێزانی میوەکانی وەکو شلک و توو و گۆڵدن بێری و بلو بێری و شاتوو و توتڕک ..ھتد دەگرێتەوە. کەبەڕێژەیەکی زۆر ئەنتی ئۆکسیدیان تیادایە، کە بەناوی “ئەنتۆسایەنین”ە کەپارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکات، و ناھێڵێت ڕەق ببن . ھەروەھا ئەم مادەیە یارمەتی ڕژانی نایتریک ئۆکساید دەدەن کە فشاری خوێن نزمدەکەنەوە .

٤- ماسییە چەورەکان: وەکو سەلمۆن، ماکیریل کەجۆرە ماسییەکی دەریایە، ھالیبوت ..ھتد. زۆر گرنگن بۆ تەندروستی دڵ، لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئۆمێگا سێ یان تیادایە و کاریگەرییان ھەیە لەسەر چالاککردنی سوڕی خوێن و دابەزینی فشاری خوێنیش .

٥- ھەنار: دەنکە سوورەکانی ھەنار پڕن لەخۆراکە ماددەی بەسوود، بەتایبەت ئەنتی ئۆکسیدەکان و نایترەیت. کەئەمەش دەبێتە ھۆی کشانی بۆری خوێنەکان و کەمکردنەوەی گرژی ماسولکەکان، لەگەڵیدا ئاسانی ھاوچۆکردنی سوڕی خوێن . کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ڕۆشتنی ئۆکسجین و خۆراک بۆ ھەموو بەشەکانی تری لەش . کە دەبێتە ھۆی چالاکی و ووزەی زیاتر لە مرۆڤدا .

٦- سیر: بەڕێژەیەکی زۆر جۆرێک لە سەلفەری تیادایە کە ناوی (ئەلیسین) ە، کەبۆری خوێن خاودەکاتەوە. لەتوێژینەوەکاندا بینراوە ئەو کەسانەی بە ڕێژەیەکی زۆر سیر بەکاردەھێنن لە خۆراکەکانیاندا، کێشەی چالاکی سوڕی خوێنیان نییە و دڵ ناچار نابێت فشاری زیاتری بچێتە سەر بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن .

٧- کاکڵەی گوێز: ڕێژەیەکی زۆر جۆرێک لە ئۆمێگا سێ تیادایە کەناوی “ئەلفا-لینۆلینیک- ئەسید ” ە. کەبینراوە سوڕی خوێن چالاکدەکات، و ھەروەھا بەپێی توێژینەوەیەکیش ئەگەر بۆ ماوەی ھەشت ھەفتە بە ڕێکی گوێز بخورێت ئەوا پارێزگاری لەتەندروستی بۆری خوێندەکات و پاکیان دەکاتەوە و فشاری خوێن دائەبەزێنێت .

٨- ترێ : توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەو ماددەی دژە ئۆکسیدەی لەناو ترێدا ھەیە یارمەتی بۆری خوێن دەدات کە بکشێن و باشتر کاربکەن . جگە لەوەی کە ترێ ئەو ھەوکردن و گەردانەی لەناو خۆێندا ھەن و وادەکەن خوێن لێنجتر بێت دەیانگرێت و پاکیاندەکاتەوە . بەمەش سوڕی خوێن چالاکتر دەکات .

٩- زەردەچەوە : دژە ھەوکردنێکی بەھێزە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماددەی “کۆرکمین” ەی کەتیایدایەتی، کەلەگەڵیدا توێژینەوەکان دەڵێن کۆرکمین ڕێژەی دەردانی نایتریک ئۆکساید زیاد دەکەن، کە بۆری خوێن دەکشێنێت و بەو جۆرەش سوڕی خوێن چالاک دەبێت و گرژی ماسولکە ناھێڵێت .

١٠- سپێناخ : یارمەتی بەھێز بوون و گەورەبوونی بۆریەکانی خوێن دەدات، بەو جۆرەش ڕێژەیەکی زۆرتر لەخوێن ھاتوچۆ دەکات، و ھەروەھا بینراوە خواردنی سپێناخ بەڕێژەی زۆر پارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکات .

١١- مزرەمەنییەکان : جگە لەوەی ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین (سی)یان تیادایە، بە ڕێژەیەکی زۆریش دژە- ئۆکسیدیان تیادایە ، کە ھەوکردن کەمدەکەنەوە، جەڵتە و کڵۆت لەناو خوێندا کەمدەکەنەوە ، و سوڕی خوێن چالاکدەکەن ، و گرژی و ئازاری جومگە کەمدەکەنەوە . توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەوانەی ڕۆژانە شەربەتی پرتەقاڵی فرێش دەخۆن، فشاری خوێنیان نزمدەبێتەوە .

د۰ هه‌ڤین که‌مال
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن

ھەواڵی زیاتر