مەسرور بارزانی: یەک ملیۆن ڤاکسینمان دابینکردووە

ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا توانیویانە زیاتر لە یەك ملیۆن پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دابین بكەن، ئینجا نۆرەی هاووڵاتییانە ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و پێكوتە وەربگرن.

سەرۆكی حكوومەت لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی “تا ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن پێكوتەی كۆرۆنامان دابین کردووە، ئێستاش نۆرەی ئێوەیە ئەرکی خۆتان جێبەجێ بكەن، پێكوتە وەربگرن و کوردستان بپارێزن”.

ئەم داوایەی مەسرور بارزانی لە كاتێكدایە كە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری تووشبووی نوێی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن و ئەمڕۆش وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا یەك هەزار و 449 تووشبووی نوێی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا تۆمار كراون.

ھەواڵی زیاتر