سوودەکانی سەروپێ

بەئینگلیزی (bone broth) ی پێدەوترێت کەماناکەی بە کوردی واتە ” شلەی ئێسک ” ، کەبریتییە لە کوڵانی لەسەرخۆی ئێسک وبەستەرەشانەکانی ئاژەڵ، ئیتر ئایا ئەو ئێسکە ئێسکی مەڕ و مانگا بێت یاخود ئێسکی مریشک بێت ھەندێک جار لەووڵاتانی دەرەوە ئێسکی ماسیش بەکاردێت .
سوودەکانی شلەی ئێسک چییە ؟؟
١- بەھایەکی خۆراکی بەرزی ھەیە بەھۆی پێکھاتە خۆراکیەکانیەوە کەبریتین لە ڤیتامینەکان ، کانزاکانی وەکو : کالسیۆم ، مەگنیسێۆم، فۆسفۆڕ . ھەروەھا ئەو بەستەرەشانانەی لەگەڵ ئێسکەکەدا دەکوڵێن ئەو ماددە سروشتیانەی کڕکڕاگەی لێپێکدێت دەبەخشن بە لەش کەئەویش “کۆلاجینە” کە شیدەبێتەوە بۆ ترشە ئەمینییەکان کە بەردی بناغەی دروستبوونی پرۆتینەکانن ..
ھەروەھا بە ڕێژەیەکی زۆر ئاسن ، ڤیتامین ئەی (A) و کەی(k) ، ترشە چەورییەکان ، سیلینێۆم ، زینک ، و مەگنیسێۆمی تیادایە
٢- ئەگەری پاراستنی جومگەکانی ھەیە :
شلەی ئێسک سەرچاوەی جیلاتینە، کە تێکدەشکێت بۆ کۆلاجین لەلەشدا . کەئەمیش گرنگیەکی زۆری ھەیە لەجومگەکاندا . کرکراگەی جومگەکان بەھۆی خراپ بەکارھێنانەوە تووشی داخوران دەبن و توێژینەوەکانی کراوە لەتاقیگەکان و لەسەر ئاژەڵان سەلماندویانە کەوەرگرتنی جیلاتین ئەگەری پاراستنی جومگەکانی ھەیە لە فشار و ئەزیەتی زیادە.
٣- کاریگەری ھەبێت بۆ کەمکردنەوەی داخوران :
لەساڵی ٢٠١٦ دا و بەپێی توێژینەوەیەک لە (nutrition journal ) کاریگەری کۆلاجین جۆری دوو(collagen type 2 ) دەردەخات لەسەر ئەو کەسانەی نیشانەی داخورانی جومگەکانیان ھەبووە . ئەو کۆلاجینەی لەبەستەرەشانەکانی مریشک و ئاژەڵدا ھەیە لەو جۆرە کۆلاجینەیە . ئەم جۆرە لەکۆلاجین نیشانەکانی داخوران کەمدەکاتەوە وەکو : ئازار ، ڕەقبوون ، کەمی جووڵە .
ھەندێک توێژینەوە دەڵێن کوڵانی ئێسک بۆ ماوەی زیاتر لە (١٠)کاتژمێر ، ماددەی کلوگۆز ئەمین و کۆندرۆتینی لێدەردێت کە دوو ماددەی گرنگن بۆ تەندروستی کرکراگەی جومگەکان .
٤- کەمکردنەوەی ھەوکردن و سوودی ھەیە بۆ ڕیخۆڵەکان :
ئەو ترشە ئەمینیانەی لەناو شلەی ئێسکدا ھەیە بەتایبەتی گلوتامین یارمەتی ھەرسکردن دەدەن و ھەوکردنی ڕیخۆڵەکان کەمدەکەنەوە .
٥- یارمەتی باشتربوونی خەو دەدەن :
ئەو ترشە ئەمینیانەی لەشلەی ئێسکدا ھەن کاریگەرییان ھەیە لەسەر باشترکردنی خەو لەو کەسانەی شەوان بە باشی ناخەون و ھەمیشە ماندوو وھیلاکن . بەپێی توێژینەوەیەک لە ڕۆژنامەی (neuropsychopharmacology) کەلەساڵی ٢٠١٥ دا کراوە، بینراوە ترشە ئەمینی(glycine) یەکێکە لەچارەسەرە کاریگەرەکان بۆ ئەو کەسانەی بەدەست بێخەویەوە دەناڵێنن و ئەم ترشە ئەمینییەش لە شلەی ئێسکدا ھەیە .
بۆیە خواردنەوەی شلەی ئێسک و زیادکردنی بۆ ژەمێکی سادە لە ئێواران لەو کەسانەی کەمخەو ھەمیشە ماندوون کاریگەرییەکی زۆر باشی ھەیە .
٦- یارمەتی کێش دابەزاندن دەدات ، ئەویش لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لەپرۆتینی تیادایە کەیارمەتی زووتێربوون و کەمکردنەوەی کالۆرییەکان دەدات . بەپێی توێژینەوەیەک لە ڕۆژنامەی (journal of renal nutrition) لەساڵی ٢٠١٧ دا بینراوە کە یەک قاپ لەشلەی ئێسکی مریشک ڕێژەی پرۆتینی زیاترە لە یەک قاپ لە شلەی مریشک خۆیی . بۆیە خواردنەوەی شلەی ئێسک سەرچاوەیەکی باشە بۆ پرۆتین بەمەرجێک بەشێوازێکی تەندروست ئامادەبکرێت .
تێبینی :
١- بەھۆی ئەو ڕێژە زۆرەی ئەلکترۆلایتەکانی وەکو : پۆتاسێۆم ، سۆدێۆم ، پرۆتین و ئەو پێکھاتانەی لەشلەی ئێسکدا ھەیە . باشترە ڕای پزیشکەکەت وەربگریت لەکاتی خواردنیدا بە تایبەتی ئەوانەی کێشەی گورچیلەیان ھەیە .
٢- ئەو شلەی ئێسکەی کەلەم توێژینەوەیانەدا باسکراوە وەکو سەروپێی لای خۆمان نیە کەپڕە لەچەوری و بەخێرایی لەوانەیە لە”مەنجەڵی بوخار” دا لێبنرێت .بەڵکو دەبێت لەماوەی (٨-١٤) کاتژمێری پێ بچێت لێنانی و لەسەر ئاگرێکی ھێواش بێت بۆ ئەوەی ئەو ماددە بەسودانەی ھەیە لە ئێسک و مۆخی ئێسک و بەستەرە شانەکان بەتەواوی بڕژێتە ناو شلەکەوە و باشترە سرکە یان لیمۆی تێبکرێت کەیارمەتی ڕژانی ئەو ماددانە زیاد دەکات و باشتریشە سەوزەواتی لەگەڵ بێت بۆ زیادکردنی ڤیتامین و ڕیشاڵ و بەھا خۆراکییەکانی .
د. هه‌ڤین که‌مال شاه محمد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج

ھەواڵی زیاتر