چۆن بزانم شێرپەنجەی گەنجان “شێرپەنجەی گون”م نیە؟
» لەمانگێکدا نەشتەرگەری هەڵگرتنی گون لەبەر شێرپەنجە م لۆ دوو گەنج کرد، کە یەکێکیان لەبەر شەرم درەنگ هاتبوە لام، بەداخەوە گرێکە بەناو سکیدا بڵاوبوبۆوە، لەبەرئەوە بەڵێنم بە خۆشەویستانم دابوو پۆستێک لەسەر ئەو بابەتە هەستیارە بکەم.
» شێرپەنجەی گونەکان لە تەمەنی ٢٠-٤٥ ساڵی ( تەمەنی گەنجی) زۆر باوە و دەگمەنە پێش ١٥ ساڵی و دوای ٦٠ ساڵی.
» ڕێژەی ٥٪ پێکدەهێنێت لەنێو شێرپەنجەکانی میزەڕۆ.
» زۆرجار شەرم ڕێگرە کە ئەو گەنجەی گرێی هەیە لەگونی، سەردانی پزیشکی میزەڕۆ بکات.
» زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی گون زامنی بەتەواوی بنبڕکردنیەتی.
» ئەو گرێیانەی دەستنیشانکردنیان دوادەکەوێت ڕەنگە بڵاو ببنەوە بە لیمفە گرێکانی سک و بەشەکانی تری لەشدا و ڕەنگە پێویستی بە چارەسەری کیمیاوی و نەشتەرگەری لابردنی لیمفەگرێکانی سک بکات جگە لەنەشتەرگەری بۆ گونەکە.
» بەمەبەستی زوو پێزانینی گرێی هێلکە گونەکان “خۆت پشکنینی خۆت” بکە؛ پشکنینی خودیی.
» پشکنینی خودیی؛بەشێوەیەکی دەوری و چەند مانگ جارێک ئەنجامبدە؛
پشکنینی خۆت لۆخۆت ( پشکنینی خودیی)؛
» پشکنین لۆ شێوەو قەبارەی گونەکانت بکە : گونێک لە گونێک کەمێک بچوکتر یان گەورەتر، یەکێک کەمێک شۆڕتربێت ئاساییە.
» یەک گونت بخە نێوان سەرەپەنجەی هەردوو دەستەکانت و بەنەرمی بیخزێنە لەنێوان پەنجەکانتدا؛ هەموو بەشەکان بپشکنە، هەر گرێیەک یان ناوچەیەکی ڕەقتر لە دەورەبەرەکەیت هەست پێکرد: ئازاری هەبێت یان نا گرنگ نیە، چونکە گرێی خراپ مەرج نیە ئازار دروست بکات؛ ڕەنگە هەست بکەی گونێکت شێوەیەکی ناڕێکی هەیە و ڕەقترە لەلایەکەی تر ؛ ئەوە شەرم مەکە و ڕاوێژی پسپۆرێکی میزەڕۆ بکە، هەمان شتیش بۆ گونەکەی ترت دوبارە بکەوە.
» ئەو کەسانەی گرێی گونیان زوو دەستنیشان دەکرێت پێش بڵاو بونەوە، گونەکەیان لادەبرێت و پێویستیان بە چارەسەری کیمیاوی نابێت. ئەگەر هێلکە گونەکەی تریشیان کێشەی نەبێت ئەوە کێشەی ژن هێنان و منداڵ بونیان نابێت.
» ئەو کەسانەی کە لە دوای لابردنی گونێکیان لەبەر شێرپەنجە پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەری کیمیاوی دەبێت ئەوە پێویستە بەر لە وەرگرتنی کیمیاوی، سپێرمیان بۆ هەڵبگیرێت لە بانکی سپێرم، ڕەنگە لە دواڕۆژ بۆ وەچە خستنەوە پێویستیان پێبێت.
» هیچ جۆرە پەیوەندیەک نیە لە نێوان دەوالی و فتق لەگەڵ شێرپەنجەی گون.
» ئەوانەی گونیان زگماک نەهاتبێتە خوارەوە، ئەگەر نەشتەرگەریشیان لۆ کرابێت ئەوە ئەگەری توشبونیان بە شێرپەنجەی گون چەندین قات لە خەڵکی ئاسایی زیاترە، بەتایبەت ئەگەر هێلکە گونەکە پوکابێتەوە، بۆیە دەبێت ئەوان بەردەوام پشکنین لۆخۆیان بکەن.
دکتۆر هیوا عبدالرحمن چۆمانی
پسپۆری نەشتەرگەری گورچيلە و میزەڕۆ، نەزۆکی و لاوازی سێکسی لە پیاوان ( دکتۆرا-بۆردی عەرەبی)