وەزیری وزەی ڕوسیا ڕایگەیاند: “کە نرخی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و تا سەرەتای ساڵی داهاتوو نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە ٦٥ دۆلار”.
ئەلکساندەر نوڤاک، وەزیری وزەی ڕوسیا ڕایگەیاند، کە داخوازی جیهانی بۆ بەکارهێنانی نەوت، بە ڕێژەی ٩ بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە کەمیکردووە و ئەمەش بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایه.
وەزیرە ڕوسیەکە ڕاشیگەیاندووە: “کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا نرخی نەوت بەرزببێتەوە، بە جۆرێک بۆ هەر بەرمیلێک بگاتە ٦٥ دۆلار”.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو و بەرهەمەکانی، سەرەتای ئەمساڵ نرخی نەوت بۆ ئاستێکی بەرچاو دابەزی، بەڵام لەئێستادا لە سەرو ٤٠ دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلێک بە نزیکەیی جێگیر بووە.