عێراق داهاتی فرۆشتنی نەوتی بۆ مانگی ڕابردوو بڵاو کردەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی فۆرشراوی بۆ مانگی تەمووزی ڕابردوو ڕاگەیاند و دەڵێت “بەرمیلێک نەوت بە 40 دۆلار و 76 سەنت فرۆشراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت “ لە مانگی ڕابردوودا 85 ملیۆن و 663 هەزار و 290 بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە، کۆی گشتی داهاتەکەش سێ ملیار و 491 ملیۆن و 767 هەزار دۆلارە.
عاسیم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، گەیشتووەتە 82 ملیۆن 700 هەزار و 381 بەرمیل، داهاتەکەشی دەکاتە سێ ملیار و 366 ملیۆن و 66 هەزار دۆلار.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی ڕابردوودا ئەو نەوتەی لە کەرکووک ڕەوانەی بەندەری جیهانی کراوە لە تورکیا، گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل، داهاتەکەشی 118 ملیۆن و 536 هەزار و 773 دۆلار بووە.