هۆكاری دابەزینی دۆلار بەرامبەر دینار چیە؟

ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر و بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئاشكرای دەكەن، زۆریی خستنەڕووی دۆلار و كەمیی خواست لەسەر دۆلار، هۆكاری دابەزینی دۆلارە بەرامبەر دینار.

كەیفی خۆشناو، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، ڕایگەیاند: “هۆكاری دابەزینی دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بانكی ناوەندیی عێراق رۆژانە بڕێكی زۆر دۆلار دەخاتە بازاڕ، كە رۆژ هەیە دەگاتە 290 بۆ 300 ملیۆن دۆلار.”

ئاماژەی بەوەش دا: “زۆریی دۆلار و كەمیی خواست لەسەری و كزیی بازاڕ وای كردووە نرخی دۆلار بەردەوام بێت لە دابەزین، هەروەها بەگشتی فرۆشتنی دۆلار زۆرتر بووە و كەمتر دینار مامەڵەی پێوە كراوە.”

روونیشی كردەوە، پێشووتر كاتێ بازرگانان داوای دۆلاریان لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرد، زۆری پێدەچوو تاوەكوو دەخرایە سەر هەژمارەكانیان، بەڵام ئێستا زووتر دۆلاریان پێدەگات.

ئەمڕۆ دوای ماوەیەكی زۆر دۆلار گەیشتەوە خانەی 145 هەزار و 900 دینار، بەڵام دواتر بەرز بووەوە بۆ 147 هەزار و 100 دینار.

لای خۆیەوە جەبار گۆران، شارەزای ئابووری و گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی، ڕایگه‌یاند: “یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، قەبارەی حەواڵەی دەرەكیی عێراق بۆ دوبەی و بۆ توركیا زۆر بووە، حەواڵە ئەوەندە زۆرە ئێستا دۆلارەكانی عێراق لە رێگەی نووسینگەكانی حەواڵە دەگەڕێندرێنەوە، ئەوەش پەیوەندیی بەو رێكارانەوە هەیە، كە ناردنی دۆلاری دەرەكی بە تەواوی دەگاتە شوێنی خۆی.”

ئاماژەی بەوەش دا: “هۆكارێكی دیكەی دابەینی دۆلار بۆ خستەڕووی دۆلارە، كە بانكی ناوەندیی عێراق بڕێكی زیاتری خستووەتە ڕوو، ئەوەش كاریگەریی كردووە لەسەر زۆربوونی دۆلار لە بازاڕدا.”

بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، هەر 100 دۆلارێك نزیكی 3 هەزار دینار دابەزیوە.

ھەواڵی زیاتر