دوا نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٣/٨/٢ ) بڕی ( ٥٩٨ ) ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان،
ئەمڕۆ پێنج شەممە (٢٠٢٣/٨/٣ ) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق پارەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کراو ڕەوانەی بانکەکان دەکرێت بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە،
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بەزیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاردبردن و دام و دەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.
بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کەحکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بەهیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادو جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق.
ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە ١ ترلیۆن و ٣٧٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە.
بەپێی ئینفاقی فیعلیش کە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجی مانگانە کاری پێدەکات پێویست بوو ١ ترلیۆن و ١٧٤ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر