ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وردەکاری لەبارەی پابەندی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی کوردستان24 بڵاوبووەتەوە باس لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، مووچە پاشەکەوتکراوەکان و چەندین وردەکاری دیکە دەکات و نووسیویەتی: “لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 تاوەکو 2025 مشتومڕی جیدی دەکرێت. زۆر ئاشکرایە کە پشکی هەرێمی کوردستان و ئەو پارەیەی کە دواجار ئەگەری هەیە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر بودجەکە پەسندکرا، گرنگترین بابەتە کە پەیوەندی بە ئابووریی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵک هەیە، بەتایبەتی کە تا ساڵی 2026 هیچ یاسایەکی دیکەی بودجە لە عێراقدا دەرناچێت. بەپێی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی پێشنیازکراوی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی 13/3/2023 کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە، چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژەیاساکەیە کە دەتوانێت بەربەست دروست بکات و کاریگەریی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دابنێت ئەگەر چارەسەر نەکرێن، وەک لە پێشنیازەکانی هاتوو لە کۆتایی ئەم راپۆرتەدا خستوومەتەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەوە بەدواوە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چیدیکە بە میکانیزمی ساڵانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان ناکرێت و بەغدا دەبێتە تاکە سەرچاوەی داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”.
دەشڵێت: “لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، شیکارییەکی پیشەییانە دوور لە هەر بۆچوون و دیدێکی سیاسی دەکەین بۆ دەقی مادە و بڕگەکانی بودجەی عێراق بەتایبەتی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان و لە کۆتاییشدا پێشنیازی چارەسەری بەربەستەکان دەخەینەڕوو، بەڵام بەداخەوە کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە و درەنگە، بەڵام هێشتا دەرفەتیش ماوە ئەگەر یەک دەنگ و یەک دەست بین و دوور لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئێستا کاریان لەسەر بکرێت”.
سەبارەت بە بودجەی عێراق ئامانج رەحیم، ئاماژەی بەوەداوە: “لە پڕۆژەیاساکەدا پێشبینی کراوە لە رێگەی فرۆشتنی 3 ملیۆن و500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کورستانیش لەخۆ دەگرێت، حکومەتی عێراق بە نرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داهاتی 117 ترلیۆن و 253 ملیار دیناری هەبێت. هەروەها پێشبینی کراوە داهاتی نێوخۆی نانەوتی عێراق 17 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بێت. بەو پێیەش کۆی داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتی عێراق بە 134 ترلیۆن و 553 ملیار دینار خەمڵێندراوە”.
لەبارەی داهاتەکان نووسیویەتی: “حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی بودجەی پێشنیازکراودا دایناوە 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار خەرج بکات و بەوپێیەش بەراورد بە داهاتی خەمڵێندراوی نەوتی و نانەوتی بڕی 64 ترلیۆن و47 ملیار دینار کورتهێنانی لە بودجە بۆ دروست دەبێت. لە کۆی گشتیی خەرجییەکان کە لەسەرەوە باسکرا بەشی زۆری، واتە 133 ترلیۆن و 22 ملیار دینار، بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن تەرخانکراوە، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، بەو پێیەی بڕێکی کەمی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان کۆی داهاتی عێراق و خەرجییەکانی بەکاربردن، دەبینین لەیەکەوە زۆر نزیکن. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی 2014ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش ڕاستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە بودجەی 2023، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی ڕاستەقینە (الانفاق الفعلي) بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە وا باشترە زۆر پشتی پێ نەبەسترێت. کۆی گشتی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان 49 ترلیۆن و 462 ملیار دینارە کە بە شێوازی خوارەوە دابەشکراوە:
پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی نێوخۆیی بە بڕی 38 ترلیۆن و ٣٤ ملیار دینار.
پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە قەرزی بیانی بە بڕی 9 ترلیۆن و947 ملیار دینار.
پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەلایەن TBI بە بڕی 1 ترلیۆن و 175 ملیار دینار.
خەرجییە سیادییەکان:
لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە 58 ترلیۆن و 294 دینار بۆ خەرجییە سیادییەکان دانراوە کە دەکاتە ڕێژەی %30ی تەوای بودجەکە، کە ئەمەش کاریگەریی زۆری هەیە لە سەر پشکی هەرێمی کوردستان چونکە میکانیزمەکە وایە کە دوای داشکاندنی خەرجی سیادی و حاکمە ئینجا بەشەکەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٢،٦٧% دەستنیشان دەکرێت.
لە خەرجییە سیادییەکاندا 23 ترلیۆن و 508 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی 3 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە).
هەروەها لەو چوارچێوەیەدا تەنها 3 ترلیۆن و 876 ملیار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی پەیوەست بە (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە).
لە خەرجییە سیادییەکاندا هەروەها 9 ترلیۆن و 764 ملیار بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانکراوە.
لە خەرجی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری، تەنها بڕی 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانکراوە.
دەربارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بە شێوازی خوارەوە پشکی هەرێمی کوردستان رەچاوکراوە:
پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية):
بەپێی مادەی (12/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه) بڕی 9 ترلیۆن و 300 ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية) بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار کە ژمارەیان بە 681 هەزار و 979 فەرمانبەر دەستنیشانکراوە، کە لە چاو ساڵی 2021 ئەم تەرخانکراوە زیادیکردووە بە بڕی 3 ترلیۆن و 525 ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشکەرە.
هەروەها بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-5)، بڕی 1 ترلیۆن و 346 ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی 2021 کەمی کردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار. بەم شێوەیە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە کە پێویستە بدرێت بە هەرێمی کوردستان دەکاتە بڕی 887 ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی سێ ساڵی 2023 تاوەکو 2025 کە ئەمەش نزیکە لە تێچووی مانگانەی مووچە لە ئێستادا کە بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ 910 ملیار دینار تەمویلی مووچە کراوە؛ ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بڕی 25 ملیار دینارە بۆ سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە پڕکردنەوەی زەحمەت نابێت. جگە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، هەر لە ناو خشتەی خەرجییەکانی رەوان بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ (پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و خەرجییەکانی دیکە).
پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی پەیوەست بە سەرمایە (النفقات الرأسمالية):
بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4) و (11/ دووەم-ه)، بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
و بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4) و مادەی (١١/ دووەم-ه)، بڕی 276 ملیار و 550 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە.
لە بارەی ئەم تەرخانکردنە، گرنگە بزانین کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی 2014ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلیی بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلیی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
داهاتی دەروازە سنوورەییەکان:
داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی 1 ترلیۆن و 560 ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی (19/ دووەم) و (11/ دووەم-ه)، بڕی 780 ملیار دینار وەک 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
پێترۆ دۆلار:
بەپێی مادەی (2/یەکەم-٥أ)، بڕی 664 ملیار و 300 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کورستان لە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، (٥% ی داهاتی نەوت)، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
مووچەی پێشمەرگە:
228 ملیار و 304 ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە.
بەپێی خاڵەکانی سەرەوە، کۆی گشتیی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023، لە ئەگەری خەرجکردنی 100%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە دەکاتە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دینار و مانگانە دەکاتە 1 ترلیۆن و 526 ملیار دینار. پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بۆ تەواوی ساڵی 2023 بە بڕی 1 ترلیۆن و 257 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بە کاش هەژمار نەکراوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان نەک بە پارەی کاش.