وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆی دیارنەمانی پارە لە سلێمانی پێکهێنا

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دیارنەمانی پارە لە بانکەکانی سلیمانی پێکهێناوە.

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان راشیگەیاند، لیژنەکە دەستبەکار بووە و ئەمڕۆ سێ کەسی بۆ لێکۆڵینەوە بانگکردووەتە هەولێر.

زیاتر لە چەند جارێك کێشەی نەمانی پارە و دابەشکردنی مووچە لە بانکەکانی سلێمانی دروستبووە و لە هەندێک دامودەزگای سنووری سلێمانی گوتراوە کە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانەی سلێمانی نەکراوە.

لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری رۆژی 19ـی نیسان رایگەیاند، “هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە، بە چەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیارو 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80% تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە. کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیارو 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک”.

وەزارەتی دارایی دەشڵێت، “پێویستە بوترێت کە کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە”.

1-  کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە.      

2-  رێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە ( 43 ٪ ) بە ( 57 ٪ ).      

3-  نەمانی پارەی کاش ( سیولە لە بانکەکان ) .

ژێدەر

K24

ھەواڵی زیاتر