وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوو کەسی بە تۆمەتی قاچاغچێتیکردن بە دۆلار لەنێوان کەرکوک و ھەولێر دەستگیرکرد، کە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دیناریان پێبووە و ھەوڵیانداوە بیبەنە ناو کەرکوک.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ھەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی یاری بە بەھای دینار دەکەن چڕکردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا تیمەکانیان لە بازگەی دارمان لەنێوان کەرکوک و ھەولێر دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە کە دوو تۆمەتبار ھەوڵیانداوە داغڵی کەرکوکی بکەن، ئۆتۆمبێلەکەش بڕی ٢٠٠ ملیۆن دیناری لە جۆری ٢٥ ھەزار دیناری تێدا بووە.
راشیگەیاند، ئەو دوو کەسە دەستگیرکراون و بەپێی دانپێدانانە سەرەتاییەکانیان، یەکێکیان خاوەنی چوار دەروازەی “کی کارد”ە لە پارێزگای کەرکوک و ھاوکاری کەسێکی تری کردووە کە خاوەنی کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕکردنی دراوە و دانیاناوە بەوەی کە بڕێک دیناریان لە نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەولێر وەرگرتووە.