هەرێمی کوردستان، لە بەرهەمی گۆشتی مریشک، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانە بڕی بەرهەمی زیادەی پڕۆژەکان، دەنێرێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
لەکابینەی نۆیەم، پڕۆژەکانی پەلەوەر بەڕێژەی %20 بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبووەتەوە بۆ(1840) پڕۆژەی پەلەوەری،لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانیشیان بەرزبووەتەوە بۆ(30286229) سی ملیۆن و دووسەت هەشتا و شەش هەزار دووسەت و بیست و نۆ جوجکە / وەجبە ،بەراورد بە ساڵانی پێشوو، وزەی بەرهەمهێنان بەڕێژەی (%42) بەرزبووەتەوە.
پێوستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی مریشک، 147 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، بەڵام پێشتر بەهۆی نەبوونی بڕیاری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتی پڕۆژەکان و قەدەغەی بەرهەمی هاوردە، نەدەتوانرا پێویستیی ناوخۆیی پڕ بکرێتەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەکانی پەلەوەر زیادیان کردووە و ڕێژەی بەرهەمیشیان بووەتە(240)هەزار تۆن لە ساڵێکدا، لەو ژمارەیەش ساڵانە 93 هەزار تۆن بڕی زیادەی بەرهەم، ڕەوانە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەوێ بەبازاڕ دەکرێت.
هەروەها لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی تایبەت بە قەڵەوکردن و بەخێوکردنی مانگا، لە بەرزبوونەوەدان و گرنگییەکی زۆریان پێ دەدرێت، بەجۆرێک لە کابینەی نۆیەمدا،(39) پڕۆژەی قەڵەوکردنی گۆلک دامەزراون و لەئێستادا (98) پڕۆژەی تایبەت بە قەڵەوکردنی گۆلک هەن،جگەلە پەرەسەندن و زیادبوونی پڕۆژەی مانگای شیر کە ژمارەیان بۆ(84) پڕۆژە بەرزبوەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر (76) پڕۆژە بوون ، بەمەش پڕۆژەکانی گاوداری بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەڕێژەی(76 ٪) زیادیان کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی، پێشتر ( 1864) پڕۆژەی پەلەوەری و ئاژەڵی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆر بەو کەرتە دراوە و تواندراوە تا ئاستی خۆبژێوی پەرەی پێ بدرێت، بەجۆرێک ژمارەی پڕۆژەکان بەرزکراونەتەوە 2261 پڕۆژە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانیشیان زیاد بووە و بەمەش دەتواندرێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕبکەنەوە.