بانکی ناوەندی عێراق خستنە رووی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ بازرگانی دەرەکی ڕاگەیاند، كە تیایدا نرخی مامەڵەی ئاڵوگۆڕی یەک دۆلار 1465 دینارە و ئاشكراشی دەكات کە یەدەگی دراو زیاترە لە 99 ملیار دۆلار.
عەمار حەمەد، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمی عێراقی ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ بانکی ناوەندی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بازرگانی دەرەکی خستەروو، کە کارکردن لەسەر ئەم پلاتفۆرمە بۆ زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەردەوام بوو بە ئامانجی ڕێکخستنی پرۆسەی گواستنەوەی دۆلارە.”
ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەم پلاتفۆرمە تاکە ڕێگایە بۆ دابینکردنی پارەی بازرگانی دەرەکی و بانکە تایبەت و حکوومییەکان و زانیاری تەواومان هەیە سەبارەت بە میکانیزمی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکە.”
جێگری بەرێوەبەری بانکی ناوەندی گوتیشی: “قەرزە بەڵگەنامەییەکان بە نرخی ئاڵوگۆڕ بە بڕی 1465 دینار بۆ یەک دۆلار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.”
راشیگەیاند: “ئەو پلاتفۆرمە دەرفەتێکە بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی پارەی کارە بازرگانی و داراییەکانیان دابین بکەن.”
سەبارەت بە یەدەگی بانکی ناوەندی، عەمار حەمەد ئەوەی خستەروو: “یەدەگی بانکی ناوەندی زیاترە لە 99 ملیار دۆلارە و لە ماوەیەکی کورتدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو یەدەگە دەگاتە 100 ملیار دۆلار”.
جەختیشی كردەوە، بەرزبوونەوەی یەدەگی دراو ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ و دراوی ناوخۆیی.