مەسرور بارزانی: توانیمان بۆ یه‌كه‌مجار به‌روبوومی ناوخۆ هه‌نارده‌ بكه‌ین

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بازاڕی تایبه‌ت به‌ هه‌نارده‌ی هه‌ناری له‌ هه‌ولێر به‌سه‌ركرده‌وه‌ و راشیگەیاند: “ئه‌مه‌ ده‌ستپێكه‌ و له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوو به‌ نیازین، هه‌نجیر و ترێ و سێو و هه‌نگوین ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بکەین”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەسەرکردنەوەی بازاڕی تایبەت بە هەنار لە فامڵی مۆڵی هەولێر رایگەیاند: “هه‌نارده‌كردنی هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌ و زاخۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌رگایه‌كی نوێیه‌ به‌ رووی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كه‌مجاره‌ هه‌نار هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێت”.

گوتیشی: “ئێمه‌ توانیمان بۆ یه‌كه‌مجار به‌رووبوومی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ به‌ڵێنێك بوو پێشتر داومانه‌ و ئێستا سوپاس بۆ خودا كردمان به‌ كردار و ده‌رگایه‌كی نوێ بۆ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ کە رێگه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه‌ كشتووكاڵییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌”.

ئەوەشی خستە روو: “ئه‌مجاره‌ بۆ كه‌نداو هه‌نارمان ناردووه‌ و ئه‌مه‌ ده‌ستپێكه‌ و له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوو به‌ نیازین، هه‌نجیر و ترێ و سێو و هه‌نگوین ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین، ئێستا له‌ چه‌ندین وڵاتی كه‌نداو به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌سته‌”.

هەروەها سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژەشی بەوەدا: “ئەمە مژدەیەکی خۆشە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان، خەمی ئەوەیان نەبێت تاکوو بەرووبوومیان زیاتر بێت ئێمە دەتوانین لە ناوخۆ ئەوەی پێویستە بۆ خەڵک دابین بکەین، ئەوەی تریش هەناردەی دەرەوەی بکەین.

راشیگەیاند: “جگە لە داهاتی نەوت و گاز، لە سەرەتای کابینەش باسی ئەوەمان کردووە کە ئێمە دەمانەوێت داهاتی کوردستان هەمەجۆرە بکەین، ئابووریی کوردستان هەموجۆر بکەین، یەکێک لەوانە گرنگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵی هەروەها پیشەسازی و بواری گەشتوگوزاری لە هەموو ڕوویەکەوە، هیوادارین چۆن ئێستا بەرهەمی کشتوکاڵی دەبینین بەرهەمەکانی تریش لە ماوەیەکی زوودا ببینین، هەموو ئەوانە دەبنە داهاتێکی تر بۆ هەرێمی کوردستان”.

ئەمشەو شەممە 3/12/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فامڵی مۆڵ لە هەولێر سەردانی ئەو فرۆشگایەی کرد کە هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکات و هه‌روەها له‌سەردانەکەشیدا هەنار دەکڕێت وەک پاڵپشتییەک بۆ به‌رهه‌می ناوخۆیی.

ھەواڵی زیاتر