سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی 25ی مانگ، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-07-2022 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 25ی مانگ، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز دەکرێت و گوتیشی، “پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە بەردەستە”.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی 100 ملیار دینار نێردراوە بۆ بانکەکانی سلێمانی، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی تەممووز بەبێ دواکەوتن دابەشبکرێت.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە سەرجەم ئەو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییانەی سلێمانی کە مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە مووچە وەربگرن، بەڵام ئەمڕۆش مووچە دابەشنەکرا.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لێکۆڵینەوە لە داهاتی نێوخۆ لە سلێمانی دەکات. عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: “هیچ هۆکارێک نییە بۆ دابەشنەکردنی مووچە لە سلێمانی.” گوتیشی: مانگانە داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 120 ملیار دینارە.
جەختی لەوەش کردەوە، بۆ دابەشکردنی مووچە لە سنووری سلێمانی پێویستی بە 51 ملیار دینارە لە داهاتی نێوخۆ، خەرجی دیکەش 43 ملیار دینارە بە هەردوو خەرجییەکەوە دەگاتە 94 ملیار دینار لە کاتێکدا داهاتی نێوخۆ زۆر لەو بڕە پارەیە زیاترە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد: ئەو پاساوە راست نییە کە دەگوترێ لە بانکەکاندا نەختینە نییە، پێویستە سەرجەم داهاتەکان بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی و دووبارە دابەشبکرێنەوە.
رۆژی 11-7-2022، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی دواکەوتنی مووچەی ئەو وەزارەتانەی لە سلێمانی مووچەیان وەرنەگرتووە رایگەیاند: ئەم مانگە بەهۆی عەرەفە و بەرەجەژنەوە کێشە بۆ مووچە لە سلێمانی دروستبوو، راستەوخۆ دوای جەژن هەموو ئەو کەسانەی کە مووچەیان وەرنەگرتووە لە پارێزگای سلێمانی مووچەکانیان وەردەگرن.
رێباز حەملان گوتیشی: 48%ـی داهاتی فرۆشتنی نەوت کە دەستمان دەکەوێت بۆ مووچە دابین دەکرێت. چونکە حکومەتی عێراق هیچ پاڵپشتییەکمان ناکات، لە ماوەی 6 مانگدا 400 ملیار دیناری ناردووە.