دەنگۆی كشانەوەی كۆمپانیایەكی نەوتیی ئەمریكی لە هەرێمی كوردستان بەدرۆ دەخرێتەوە و هیچ ڕاگەیاندراوێكی فەرمیش لەمبارەیەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
چەند میدیایەكی عێراق و كوردستان بەبێ هیچ پشتڕاستكردنەوەیەك، هەواڵێكیان بڵاو كردۆتەوە و تێیدا باسیان لەوە كردووە، كۆمپانیایەكی ئەمریكی بە ناوی (بەیكەر هیوز) لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كشاوەتەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق (كە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان رایانگەیاندووە ئەو دادگایە بەپێی دەستوور دروست نەكراوە).
لەو دەنگۆیەی بڵاویان كردۆتەوە، بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە گوایە (لێژنەی باڵای نەوتی كوردستان) راگەیاندراوی بڵاو كردۆتەوە و كشانەوەی كۆمپانیاكەی راگەیاندووە.
باسنیوز، لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەدواداچوونی بۆ ئەم دەنگۆیە كرد، دەركەوت كە نە كۆمپانیا ئەمریكییەكە هیچ زانیارییەكی لەم شێوەیەی خستۆتە ڕوو، نە هیچ لێژنەیەكیش لە هەرێمی كوردستان بە ناوی (لێژنەی باڵای نەوتی كوردستان) هەیە و هەواڵەكە هیچ بنەمایەكی نییە.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر