لە هەولێر یەکەم ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستکرا، کە تایبەتە بە کوژاندنەوەی ئاگر لە پاڵاوگە و بیرە نەوتەکان، سەرپەرشتیاری دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکە دەڵێت دەتوانن ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە دابینبکەن ئەگەر داوایان لێبکرێت.
ئەندازیاری راوێژکار زیاد بابان، سەرپەرشتیار و دیزاینەری ئۆتۆمبێلەکە رایگەیاند “ئۆتۆمبێلەکە تایبەتە بە ئاگرکوژێنەوە لە 15ی نیسانی 2021 دەست بە دروستکردنی کراوە و 1ی ئەیلوولی 2021 تەواوبووە، 13 کەس لە دروستکردنەکەی بەشداربوون کە سەرجەمیان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بوون”.
سەبارەت بە تێچووەکەی نرخەکەی ئاشکرا نەکرد بەڵام گوتی: “نزیکەی سێ هێندە کەمترە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە هاوردە دەکرێن”.
ئەو ئەندازیارە گوتی: “ئۆتۆمبێلەکە شاسییەکەی 2011یە، تانکی ئاوی ئۆتۆمبێلەکە کە لە پلێتی دژە ژەنگ و دژە خووران دروستکراوە، توانای هەڵگرتنی 12 هەزار لیتر ئاو و 2,000 لیتر فوومی هەیە، هەروەها تانکییەکە بە بۆیەیەکی تایبەت کە توانای بەرگریی هەیە بۆیە کراوە، جگە لەوە 500 کیلۆگرام پاودەری بۆ زۆرینەی جۆرەکانی ئاگر تێدایە”.
ئەندازیاری راوێژکار زیاد بابان، سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکەش دەڵێت پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای دووسەرە فایەر پڕۆتێکشنی خۆماڵییەوە هەموو خەرجییەکانی دابینکراوە و ئەو کۆمپانیایە تایبەتە بە خزمەتگوزارییەکانی ئاگرکوژێنەوە، دەشڵێت: “چەند جارێک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەمان هێناوە و بیرمان لەوەکردەوە کە خۆمان ئۆتۆمبێلێک دروستبکەین، بۆیە دەستمانپێکرد و سەرکەوتوو بووین”.
سەرپەرشتیار و دیزاینەری ئۆتۆمبێلەکە، باس لەوەشدەکات ئەو ئۆتۆمبێلەی دروستیانکردووە هەمان کواڵێتی ئەو ئۆتۆمبێلەی هەیە کە وڵاتان دروستیدەکەن. کێشی ئۆتۆمبێلەکە 25 تۆن دەبێت، 5 کەس هەڵدەگرێت. زیاد بابان دەڵێت: “توانایەکی باشی لە کوژاندنەوەی ئاگر هەیە و تێست کراوە”. سەبارەت بە دابینکردنی ئۆتۆمبێلی لەو شێوەیە باسی لەوەکرد ئەوان دەتوانن لە کۆمپانیاکەیان ئۆتۆمبێلی دیکە دروستبکەن، ئەگەر داوایان لێبکرێت.
رووداو