وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی دەربڕی رۆژانە بڕی هەزار و 80 مەتر سێجا بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و پارێزگای هەڵەبجەش لەگەڵ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی پشکی بۆ دیاریکراوە.
بەپێی نووسراوێکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق کە ژمارە 8915ـی لەسەرە و لە رۆژی شەممە 28ی ئابی 2021 دەرچووە، رەزامەندی دەربڕاوە لەسەر ناردنی بڕی 1080 مەتر سێ جا لە بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەمشێوەیە پشکی پارێزگاکان دیاریکراوە:
– پارێزگای هەولێر: 360 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا
– پارێزگای سلێمانی: 360 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا
– پارێزگای دهۆک: 216 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا
– پارێزگای هەڵەبجە: 144 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا
سەبارەت بە میکانیزمەکانی ناردنی ئەو بڕە بەنزینەش کە بڕیارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت لەو نووسراوەدا هاتووە:
– ناوی ئەو وێستگە و رێگەپێدراوەکانیان و ئەو لیستانەیشی کە ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لەسەرە لەگەڵ ئەو وێستگانە کاردەکەن لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێتان دەگات و بەپێی ئەو بڕانەی دیاریکراون.
– خاوەنی وێستگەکان بەهای ئەو بڕەی پێویستە پێیبدرێت دەخاتە هەژمارەکانی لقی دابەشکردنی مەبەست “ئەو ناوچەیەی کە لێوەی باردەکرێت و لەژێر رۆشنایی ئەوەدا ئەو بڕەی تەرخانکراوە لە رێگەی فۆڕمی بارکردنەوە دەدرێت، هەروەها ئەو وێستگەیەش دیاریدەکرێت کە لێیەوە باردەکرێت بەمەبەستی پێدانیان.”
– نرخی پشتپێبەستراو 650 دینار دەبێت بۆ هەر لیترێک
– مانگانە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرداری هاوتایی ئەنجامدەدرێت و مانگی دواتر بڕەکە نانێردرێت تەنیا دوای دڵنیابوونەوە لە وەرگرتنی بڕی مانگی پێشوو نەبێت.
رووداو