ئەو كارێزمایەی دووبارە نابێتەوە
مام جەلال; ئەو كارێزمایەی دووبارە نابێتەوە
سێ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر كۆچی دوایی مام جەلال، سەركردەی گەورەی گەلەكەمان و یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی كورد لە عێراق.
كۆچی دوایی مام جەلال گەورەترین خەسارەت بوو لەمێژووی كوردو كوردستان، كە ئەستەمە جارێكی تر مێژوو بتوانێ كارێزمایەكی تری ئاوامان پێ ببەخشێ.
بۆ من، مام جەلال هاوڕێ و هاوسەنگەرو سەركردە بوو، فێرگەی پێگەیاندنی دەیان و سەدان كادیر و هەڵگیرسێنەرەوەی شۆڕش بوو لە كوردستان، بەرنامەو سیاسەت و دنیابینییەكەی هەوێنی دیموكراسی و ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیان بوو لە عێراق و ناوچەكە، بۆ كورد پارێزەری پێگەو ڕۆڵی كورد بوو لەعێراق و ناوچەكە، پارێزەری كورد بوو لە دنیا، مام جەلال هەمیشە حەكیمانەو دووربینانەو وردبینانە سیاسەتی لەپێناو دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین دەكرد.
لەدەستدان و كۆچی دوایی مام جەلال، كارەساتێكی گەورە بوو، لەدوای مام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانی زیاتر، كێشەی زیاتر، ناكۆكی و ململانێی زیاتر بەرۆكمان دەگرێ، ئەسەف لەناومان نییە بەحیكمەتەكانی خۆی هەمووی چارەسەر بكاو ئەم قۆناعە تێپەڕێنین، بەڵام دەكرێ و دەتوانین دنیابینی و حیكمەتی مام بكەینە هەوێنی چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و لەژێر چەتری ئەزموونە سیاسی و دیبلۆماسییەكەی ڕێگاچارەی گونجاو بدۆزینەوە و بە باشترین شێوە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بكەین.
كارێزماو كەسایەتی مام جەلال و لەخۆبردووییەكەی فێرمان دەكا لەپێناو چاكەی گشتی و بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان قوربانی بە بەرژەوەندییە تایبەتییە كەسی و حزبیەكان بێنین و هەموومان لەپێناو ئامانجێكی ڕوون و ڕەوان خەبات بكەین.
لە سێیەم ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال كە دۆست و نەیار یادت دەكەن هەزار دروود و سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاكی و وەك ئەوێ ڕۆژێ دووپاتی دەكەینەوە كە درێژەپێدەری ڕێبازەكەی و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان دەبین و هەموو هەوڵەكانمان لەپێناو كوردو كوردستان دەخەینەڕوو.
ئەم ساڵڕۆژە خەمناكەش بە دەرفەت دەزانم ڕایبگەیەنم كە لەئاست ئەو مەسولیەتە گەورەیە دەبین و ئەمانەتەكانی مام جەلال وەك بیلبیلەی چاومان دەپارێزین و تەسلیمی هیچ قەدەرێك و ئایندەیەكی ناڕوونی ناكەین.
كۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان