ئاسمانێک کە هی هەموومانە، با لەوە تاریکتری نەکەین!
کوردبوون پەیوەندی بە شوێنکاتەوە نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە پەیوەست بە ڕۆح و قووڵایی هزر و ئینتیما و ڕاددەی هۆشیاری، بریتییە لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی. ئەوە بۆیە زۆر کەس هەن لە کوردستانیشن، کەچی لە کوردبوون داشۆراون.
کەم و زۆر هەموومان ئاشنای ڕووداو و ململانێ سیاسییەکانی ڕابردوو و شایەتحاڵی ئەوانەی ٢٨ ساڵی ڕابردوو بووین، (هێمن موکریانی)یش گوتەنی “ئەگەر تەمەن مەودا بدا”، ئەوانەی داهاتووش بە چاوی خۆمان دەبینین. بۆیە چیتر پێویست ناکات کەس درۆی زل بخاتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو، ئیدی ئەو باوکەی ناپاکییش مرد، نەوەکانی داهاتوو بەناوی مێژووی شانازی و وڵاتپارێزی، فریو بدا.
بەهەرحاڵ، ئەوەی لە دۆخی ئێستا بۆ کورد زۆر گرنگە، یەکخستنەوەی خۆی و یەکڕیزییە. یەکخستنەوەیەک بە متمانەوە، یەکڕیزییەک بەبێ پاشقۆڵ لەیەک گرتن. دەنا ئەگەر وەک ئێستا هەر خەریکی ناشیرینکردنی یەکتری بین و لە کەلی خۆبەزلزانی دانەبەزین و یر و ڕێوی بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بۆ ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێنینەوە، هەر ئەوەندە دەزانین نەک هەر کاتی زۆرترمان لە دەست چووە، بەڵکوو نەیار و دوژمنەکانمان وەک کەمتیار بەربوونەتە گیانمان و ئێسقانەکانمان دەکرمێنن!
دیارە خۆیەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕاستەقینەش، بە ئاشتبوونەوەیەکی جیددی و ڕاستەقینە لەگەڵ خودی خۆمان دەکرێ. ئاخر تا ئێستا ئەو ئاشتبوونەوەیەمان لە درۆیەک زیاتر، هیچی دیکە نەبووە.. ئاشتبوونەوەیەکی ساختە و بەس.. ئاشتبوونەوەیەکی بارگاوی بە خۆمەڵاسدان بۆ دەرفەتی تۆڵەسەندنەوە.
(سەرۆک نێچیرڤان بارزانی) کە بڕوایەکی نەگۆڕی بە ئاشتی و ژیانی مەدەنی هەیە و بەردەوام جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی کولتووری بەیەکەوەهەڵکردن و لێبووردەیی دەکاتەوە، ئەو ستراتیژە لای ئەو بە جۆرێکە لە گوفتار و ڕەفتاریدا، لە هەوڵ و هەڵوێستیدا، بە قسە و کردار کار بۆ بەرجەستەکردنی دەکات. دووپاتکردنەوەی بەردەوامی لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆ هەمیشە وەک نیشتمان و لانکەی ئارامی و دڵنیایی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان (سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی) دەمێنێتەوە، کاتێک دەڵێت: “هەموومان یەک خۆرمان لێ هەڵدێت، یەک ئاسمان داماندەپۆشێت و یەک چارەنووس کۆمان دەکاتەوە”. نیشانەی پەرۆشیی ئەوە بۆ بەخۆداچوونەوەی هەموو لایەک و جارێکی دیکە دەست خستنە ناو دەستی یەکتری. بۆیە پێویست دەکات هەمووان دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بکەنە ئەو چەترەی لە سێبەریدا کۆببنەوە و لەسەر سفرەی ئەوێ، کە سفرەی کوردستانییە، کۆتایی بە بگرە و بەردەکانیان بێنن.
ڕاستییەکەی هێشتا بواری هەڵسانەوە ماوە، دەرفەتی تێهەڵچوونەوە هەر هەیە. زیانەکەمان کرد و تاڵی و تفتییەکەیمان چەشت. وەلێ ئەوەی وا دەکات ئەم تاڵی و تفیتییەی زیان بە یەکجارەکی نەمانخنکێنێ، بەخۆداچوونەوە و پەیگیر بوونە بە چەمکەکانی (ململانێی سیاسی شارستانی، ئاشتەوایی نیشتمانی، تەبایی کۆمەڵایەتی). چونکە یەکترشکاندنەوەی حیزبی، چارەی برینی ئەم تراژیدیایەمان ناکات. سوکایەتیکردن بە یەکتر، یەک ملیم لە دۆخەکە ناگۆڕێ. قووڵکردنەوەی ڕق و کینە و دووبەرەکیی ئایدیۆلۆژی، دادمان نادات.
مرۆڤی ئێمە چیتر بڕستی چوو بەدەست شەڕەقۆچی حیزبی، تاقەتی نەما بە دەست قوماری سیاسیی باڵی ئەم هێز و قاچی ئەو حیزب.. هەناسەساردی، مرۆڤی ئێمەی وشک کرد.. خەمۆکی کرمێی کرد، دڵەڕاوکێ دەیخواتەوە. مرۆڤی بێتام ماندوو و شەکەتی ئەم نیشتمانە، پێویستی بە بڕێک ئارامی و دڵنیایی، تۆزێک پشوودان و حەسانەوە، کەمێک دڵنەوایی و ژیان هەیە.
تکایە تکا، بۆ خاتری ئەو هەموو قوربانییەی سەد ساڵە، ئەم کوردە بە سەر و ماڵ، گیان، خوێن و نامووسی خۆی لە پێناو شۆڕش و ئازادی داویەتی و دەیدات، کەمێک ڕێز لە هەستی، لە شکۆی، لە بوونی مرۆییانەی بگرن.. کەمێک ژیانی پشوودان و ئارامی و دڵنیایی بەم مرۆڤە سەرگەردان و خێرلەخۆنەدیوانەی نیشتمان ڕەوا ببینن.
داگیرکەر و دوژمنانی کورد نا، حزب و سیاسییەکانی کورد، ئێوە!