بەبازاڕكردنی ڤایرۆس

ڕێبوار سیوەیلی

1. ئەوەی دەگوزەرێت، دۆزینەوەی بازارە بۆ ڤایرۆسەكە. بەبازاڕكردن، یان بازاڕگەریی ڤایرۆس بۆتە شتێكی واقیعی. لێشاوی خەڵكانی ئاقڵ و ژیر دەچنە ڕیزی ماسك كڕینەوە.. پەیوەندیی مرۆڤ و جەستەی خۆی، دەخرێتە ژێر گومانەوە. چیدی نابێت بەدەستی خۆمان كەپوومان بخورێنین، یان دەست بۆ چاوە جوانەكانمان ببەین! ئەو دەستانەی ڕۆژگارێك دڵنیاییان دەدا بە بەشەكانی جەستەمان و بۆ هەموو شوێنێك لەگەڵمان بوون و بەفریامان دەكەوتن، ئێستە لێمان بوونەتە بار.. دەبێت ڕۆژانە نزیكەی بیست جار بیانشۆین چونكە بۆی هەیە ڤایرۆسەكە لەسەر دەستمان و نێوان پەنجەكانمانەوە بۆمان بێتە ژوورەوە..

2. ئەوەتەی دەست هەیە، هەر پردێكی پەیوەندیی لە نێوان میشك و بیركردنەوە و بەشەكانیتری جەستەماندا بووە.. ڕۆژگارێك بوو بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە، كە هێشتا سەرمان پێوە ماوە، دەبوو دەست بۆسەرمان بەرین ولەو ڕاستییە دڵنیابینەوە.. ئەوكاتەی لوتمان دەگیرا بە چڵم، بە پەنجە دەرماندەهێنا و هەناسەمان دەكرایەوە.. درێغا ئیتر دەستمان هەمان متمانەی جارانی پێناكرێت و بۆی هەیە ببێتە هۆكاری گواستنەوەی ڤایرۆسەكە.. دەستە داهێنەرەكان و دەستە ئیشكەرەكانمان چیتر هەمان جوانیی و متمانەی جارانیان نەماوە.. 

3. بەبازاڕكردنەكە تا ئەم ئاستە هاتووەو لە ئێستاوە بازاڕی شڵەقاندووە.. شەڕ لەسەر ماسك و لێدان لەسەرەكەیدا دروستبووە.. ماسك وەك دەستێكی ڕزگاركەر، وەك پەناگەیەك، وەك فەریادڕەسێكی لێكراوە، كە ئەگەر لەسەری نەكەین، دەمرین..

4. ڕۆژگارێك بوو ماسك و دەمامە لە جەژنیكدا بەكاردەهات كە ڕۆمانەكان دەیانبەست بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە.. ئەوان بە ئامادەكردنەوە ماسكێك و گرتنی بە ڕووخسارەوە، دەیانویست مردووەكانی خۆیان بەبیر بهێننەوە.. كاتێك دین هات، ڕووپۆش و ماسكی كردە ڕووخساری ژنەكان.. لە یاسای زیندانەكاندا، دەبێت جەللاد ڕووخساری خۆی بە ماسكێك داپۆشێت، بۆ ئەوەی قوربانیی نەیناسێتەوە.. داعشەكان ماسكیان دەپۆشی. ئەمێستا ماسك و دەمامە ڕووخساری گشت مرۆڤایەتیمان لێدەشارێتەوە!

5. هیچ سەرمان نەسووڕمێت ئەگەر عاقڵترین مرۆڤەكان لە هەر پێگەو پۆستێك و بە هەر بڕوانامەیەكەوە، وەك كەسانێك ترسی خۆیان لەم ڤایرۆسە دەرببڕن، كە ئێمە تووشی شۆك بكەن.. بەشێوازێكی دیكە بە ئاپۆرەكردنەوە و بەڕەشۆكیكردنەوە و تواندنەوەی تاكایەتی، لە ئارادایە. ملیۆنان مرۆڤ ڕەپێش دەخرێن و وەك ڕانەمەڕ هەمان شت كاوێژ دەكەنەوە: ڤایرۆسەكە دێت و دەمانكوژێت.. دەبێت مرۆڤ و خێزانەكان چەندە بەهێز بن كە بەرگەی ئەم هەموو تۆقینە جوانە بەناوی ڕێنمایی تەندروستییەوە، بگرن!

6. ئەوەی دەسەڵات بەم ڤایرۆسە دەدات، نە ڕاستەقینەی زانستییەكەیەتی و نە ئەوەش كە بەڵایەكی خوداییە. ڤایرۆسەكە هەیە و مەترسیداریشە، وەلێ ئەوە خەڵك و تاكەكەسەكانن، كە دەسەڵات دەدەنە ڤایرۆسەكە. ئەوە هەر خۆشیانن دەیكەنە بەڵا بەسەر خۆیانەوەو دەبنە قوربانی شتێك پێشئەوەی خۆی بێت، دەیانکوژێت و لەناویان دەبات.. ئەگەر مرۆڤ بەم هەموو ترسەیەوە خۆی لەبەردەم ئەم ڤایرۆسە بچووكەدا، گزگل نەدەكردەوە، هەزار ئەوەندە توانای هەبوو بەرەنگاریی ببێتەوە.. من بەكەس پێناكەنم، وەلێ خەم دەخۆم كە مرۆڤ بەو هەموو گەورەییەی خۆیەوە، ئەوەندە بێدەسەڵاتە. خودایە دەبێت چ سیستەمیكی زیرەك بێت، چ ئایینێكی نوێ بێت ئەو هەموو خەڵكە قەناعەت پێ بكات بچن بۆ بازاڕ و كەرەستەی ڕزگاربوون لە ڤایرۆسەكە، بكڕن..

ھەواڵی زیاتر