عوزر لە قەباحەت خراپتر!

لە سەر و بەندی دامەزراندنی دەوڵەتی«ئیسرائیل»و پاش دامەزراندنیشی، عەرەب بە وتاری ناسیونالیزمی عەرەبی لە دژی دەركەوتنی قەوارەی سیاسی و فەرھەنگی جوو لە ناوچەكە بە ھەموو ھێزی سەربازی و ئابووری و دبلۆماسی خۆیان تا ساڵی1967 كە بە شەڕی«شەش ڕۆژە»ناسراوە بەردەوام بوون لە شكست بەرامبەر ئیسرائیل، شەڕی شەش ڕۆژە ھاوكێشەكەی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل یەكلایی كردەوە، شۆڤینیەتی عەرەبی خستە حاڵەتی متبوونەوە، ھەندێكیان لە پشت پەردەوە لە(ئوورشەلیم)كەوتنە سەر چۆك و بەیعەتی خۆیاندا، ئەوانەشیان كە قیادەی ئەم دژایەتییەیان كرد بە خودی«زەعیم جەمال عەبدولناسر»یشیانەوە لە ناو چوون و تا بە ئەمڕۆ دەگات پەراوێز خران، پەنجا و سێ ساڵە عەرەب لە بەردەم قەوارەی جوودا سەری نەوی كردووە، ھەوڵی ئەوە ئەدەن شەڕی«ئیسرائیل – فەلەستین»بكەنە موڵكی جیھانی ئیسلامی و خۆشیان لە ژێرەوە كڕنووش دەبەن و لە ڕاگەیاندنەوە ھێرش دەبەن!

داود بنگوریون کە یەکەم سەرۆکوەزیری ئیسرائیل بوو لە یاداشتەکانی خۆیدا دەڵێت: داوای دیداری ڕاستەوخۆی جەمال عەبدولناسرم کرد و ئامادەییم دەربڕی بشچمە«قاھیرە»لە وەڵامدا کە بە(خاتوو گۆڵدا مایەر)دا بۆی ناردبوونەوە وتبوی: ئەگەر شتێکی وا ڕوو بدات ئەو وەک پاڵەوانێک دەگەڕێتەوە، منیش وەک خائینێک لە قەڵەم ئەدرێم!
ئەوان ھەموو کات حەزیان بەمە تەسلیمبوونە ھەبووە بەس شەرمیان کردووە، بەڵام ئێستا ترس تەنگی بە شەرم ھەڵچنیوە، دەبێت ئەوە بکەن کە بۆ مانەوەیان پێویستە، تازە دەزانن ئیسرائیل دەستی خستۆتە قوڕگیان، ھەر لاشەكەیانی ناوێت بەڵكو داوای ڕۆحیشیان دەكات! میسر ئەگەر نەیەتە ژێر باری مەسڵەحەت بۆ ئیسرائیل، دەبێت چاوەڕێ بكات لە لایەك «ئەسیووپیا»بە بەنداو نیلی بۆ وشك بكات و بیخنكێنێت، لە لایەكیش توركیا لە(دەریای ناوەڕاست و لیبیا)تەحەددای بكات! ھەروەھا سعودیا و ئیمارات و بەحرەین و زۆربەی تریان ئەگەر بە تەواوی ماددە و بڕگەکانی ڕێككەوتنی سەدە(صفقة القرن)ڕازی نەبن، ئەگەر قبووڵی فراوانبوونی سنووری جوگرافی ئیسرائیل لە سەر حیسابی خاکی خودی عەرەب خۆیان نەکەن، دەبێت چاوەڕێی ڕاگرتنی ملھوڕی ئێران و توركیا نەبن، دەبێت چاوەڕێی پێگەی سیاسی و ئابووری لە سەدەی نوێدا نەکەن بەڵكو چاوەڕێی بە سووریا بوون بكەن

بە درێژایی سەدەی ڕابوردوو پەیوەندی و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی عەرەب ئەو کاتانە بووە کە تەنگاو کراوە نەک لۆژیک لە پشتیانەوە بوو بێت، ھیچ نەیارێکی خۆیان پێ ڕانەگیراوە ئەگەر سازشیان لە سەر خاک و شکۆی سیاسییان بۆ زلھێزێک نەکردبێت، دەی ئێستاش ھەر ھەمان شتە، ھێشتا خۆیان جورئەتی ڕوو بە ڕوو بوونەوە و ئیمکانیاتی سیاسەتی لۆژیکییان نییە، ھەمیشە عوزریان لە قەباحەت خراپتر بووە، بۆیە ئێستاش شەرم لە وتنی ھۆکاری تەسلیمبوونیان بە ئیسرائیل دەکەن، بوونی کورد و ھەڵکشانی قەزیە سیاسییەکەی کوردیان کردۆتە عوزری ئەم چەمانەوەیان بۆ ئیسرائیل!
ئەو كاتەی كە سوپای عێراق چووە شەڕی شەش ڕۆژەوە دژی ئیسرائیل، شۆڕشی ئەیلول بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خودی خوا لێخۆشبوو(مستەفا بارزانی)شەڕی لە دژی سوپای عێراق ڕاگرت، ئەھا مێژووی بەرخودانی كورد پڕیە لە سەوابتی نیشتیمانی و ئایینی و ئەخلاقی، كورد نە شۆڤێنی بووە و نە ئایینیشی تێكەڵ بە سیاسەت و موقاومەی خۆی كردووە، سەركەوتنی خۆی لە سەر شكستی ھیچ لایەك بینا نەكردووە، بە فورسەت تەڵەب نەجوڵاوەتەوە، ئەگەر لێرە و لەوێ مەرحەباییەكی لەگەڵ ھەر تەرەفێكدا كردبێت بۆ ئەوە بووە دان بە مافەكانیدا بنرێت، ھەر نەبێت بۆ ئەوە بووە وەك مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و زیندە بەچاڵ نەكرێت.

ھەواڵی زیاتر