سایکۆلۆژیای جنێودان

سایکۆلۆژیا ئەو بوارە زانستییەیە کە لە دەروون دەکۆڵێتەوە و بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤ تاوتوێی دەکاتەوە، لە فەلسەفەدا وشەکە مێژوویەکی دوور و درێژی ھەیە و بەکاربردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرستۆ، ھەتا ئێستاش بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئینسان لە ڕوانگەی زانستییەوە وەکو چەمکێکی بنەڕەتی ماوەتەوە.

لە گشت وڵاتاندا شوێنێک بناغەی سەرجەم پەیوەندی و ڕەفتار و گوفتاری هەر تاک و کۆمەڵێک ئەو سایکۆلۆژیایەیە کە لە ناخی هەر تاکێکدایە، بە جۆرێک هەمان سایکۆلۆژیا بڕیاردەری بەڕێوەچوونی ژیان دەبێ جیا لە ڕووداوە خۆنەویست و سروشتییەکان.

ئەو سایکۆلۆژیایە بەپێی فاکتەری کات و شوێن و مێژوو دەگۆڕێت.

بۆ نموونە: هی منداڵێک کە لە موسڵ و رەققە و لەناو مەینەتی و ئاوارەیی گەورەبووبێ و گوێچکە و هزری هەردەم ئاشنای هاشەی هاوەن و ڕێژنەی فیشەک بووبێ، جیاوازە لە منداڵێکی هاوتەمەن بەڵام لە ستۆکهۆڵم و لەندەن لەناو ژینگە و خێزانێکی تەندروست ژیابێت.

ئەوەی کە مەبەستمە باسی بکەم دیاردەیەکی باو و دزێو و ناشیرینی ساڵەهای ساڵی ژیانی مرۆڤە، ئەویش (جنێو)ـە

جنیودان هه‌ڵچوونێكی نه‌رێنی ناخی كه‌سێكه‌ كه‌ ناتوانێت به‌رگری بوێرانه له‌ بابه‌تێك‌ بكات یاخود وه‌ڵامێكی زانستی و ڕێكی هه‌بێت بۆ كه‌سی به‌رامبه‌ر.

ده‌روونزانه‌كان ده‌ڵێن “جنێودان لاوازی و هه‌ستكردنه‌ به‌ گرێی كێماسی و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ كه‌سی به‌رامبه‌ر، و تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ ‌ بابه‌ته‌كه”. جنێودان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ شڵه‌ژانی ده‌روونیه‌ له‌ قالبی شه‌ڕانگێزی ڕه‌ش.

ئەوەی جنێو دەدات هه‌ر كه‌سێك بێت له‌ هه‌ر پله‌ و پایه‌یەكی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی و ئایینی بێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ ناكامله،‌ ناتوانێت وه‌كو خۆی به‌ڵگه‌ بهێنیت ئه‌وا توشی گرێی ده‌روونی ده‌بێت بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م گرێیه‌ ده‌روونیه‌ و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی هه‌ڵچوونی نه‌رینی جنێو به‌ كارده‌هێنێت. له‌ نه‌ستیه‌وه‌ (لاشعور) ئاگادار ده‌كریته‌وه‌ به‌ هۆی جنێودان كه‌فوكول و هه‌ڵچوونی داده‌مركێته‌وه‌.

خەڵک بە گشتی سێ جۆرن:
یەکەم: ئەوانەن کە جنێو نادەن.
دووەم: ئەوانەی بە ‌دەگمەن جنێو دەدەن.
سێیەم: هەمیشە جنێو دەدات.

لە کوردستانیش، هەر لە مێژووەوە ململانێی ئایدۆلۆژی وایکردووە جنێودان بە چەندین ئاراستەوە لە گەشەکردنی بەردەوامدا بێ کە زۆرکات ئامانج لێی رووخاندن بووە و بەداخەوە ئافرەت لە زۆربەی جنێوەکان کراوەتە ئامرازێک بۆ لێدان لە شکۆی بەرامبەر، لەگەڵ پەرەسەندن و بڵاو بوونەوەی زیاتری تۆڕەکانی پەیوەندی و سۆشیال مێدیا جنێودانیش بووەتە ڕەهەندێکی ئەو پەرەسەندنە و گەیشتووەتە قاڵبێکی ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو.

بەشێوەیەک گەر سەیری هەر بڵاوکراوەیەک بکەین لە لایەن کەسانی: (سیاسی، ئاینی،کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، هونەری و وەرزشی و هتد.) بەشێکی باشی کۆمێنت و سەرنجەکان جنێوی کەسانێکە کە پێوەی ئاڵوودە بوون و چەندین پەیج و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پارەی خەیاڵی سپۆنسەر دەکرێن و بە جنێوەوە لەخزمەت ئەجێندایەکی دیاریکراوی ئایدۆلۆژی دان.

لە هەمان کاتدا زۆرێک لە دەروونناسان و پسپۆرانی دەروونناسی، بەشێوازێکی زانستی توێژینەوەیان لە بارەی جنێودانەوەکردووە و ڕاو سەرنجی خۆیان خستۆتە ڕوو،

بۆ نمونە:-

دەروونناسی ئینگلیزی (ریچارد ستیڤن) دەڵێت “کاتێک چەکوشێک دەکێشی بە پەنجەیەکتدا، بەرتەقای ئازارەکە بە هاوار و جنێودان کەم دەکەیتەوە. هەروەها زاناو بیرمەندی دەروونناسی (ئەلفرێدئادلەر ) پێی وایە جنێودان بەزین و کەم و کورتی کەسێتییە و لە ڕێگەی جنێوەوە کەسەکە هاوسەنگی دەروونی خۆی دەچەسپێنێت، کە ئەمەش تەعویزێکی دەروونی نەخۆشی نائاساییە، هەروەها (فرۆید) دەڵێت “جنێودان دووژمنکاری خەفەکراوە لە ناوچەی عەقڵی نەستی دژ بەو شتانەی کۆمەڵ لەتاکی قەدەغەکردووە”.

توێژەرانی سویدی لە زانکۆی یۆتۆبۆری سەرنجی ئەوەیان داوە کە جنێوی 50 ساڵ بەر لە ئێستا زۆر جیاواز بووە، جنێوەکانى ئەوکات وەکو ئێستا توند و رەق و نەشیاو و بێزارکەر نەبوون.

ئەوانەى زۆر جنێو دەدەن، دەڵێن راهاتوون یان خوویان پێوە گرتووە و ناتوانن واز بهێنن.
دەگوترێ لە ئەوروپا پۆڵۆنییەکان جنێوفرۆشترین نەتەوەن. جنێوى سوێدیش زۆر نەرمترە لە جنێوی گەلانى دیکە.

رەنگە هیچ میلەتێك هێندەی كورد لە دنیایی واقیعی‌ و دنیا مەجاز‌و تۆرە كۆمەڵایەتیەكاندا جنێو وتەشهیر نەڵێت‌ و نەنووسێت..(جنێودان بە سەركردە، بە مەلا، بە كۆمۆنیزم، بە ژن، بە خودا، بە دین، بە شۆرش، بە حكومەت، بە نەتەوەو رەگەز، بە دار و ئاژەڵ و…هتد)

بەپێی یاسا کار پێکراوەکان واتە بە یاسای سزادانی عێراقی لە مادەکانی (433) و(434) دا ئاماژەی بە تاوانی جوێندان کردوە دەڵێت:-

جوێندان بریتیه‌ له‌وه‌ی که‌سێک قسه‌ی وه‌ها به‌ یه‌کێک بڵێت که‌ ئابڕووی یان پێگه‌ی له‌ که‌دار بکات یان هه‌ستی بریندار بکات هه‌رچه‌نده‌ ڕووداوێکی دیاریکراوی نه‌دابێته‌ پاڵ.

هه‌رکه‌سێک جوێن به‌ یه‌کێک بدات به‌ به‌ندکردن سزا ده‌درێت که‌ له‌ ماوه‌ی (1) ساڵێک زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌ کرن که‌ له‌ سه‌د هەزار دینار زیاتر نه‌بێت یان به‌ یه‌کێ له‌و دوو سزایە.

ئه‌گه‌ر جوێندان به‌ ڕێگه‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌کان یا چاپکراوه‌کان یا له‌ ڕێگه‌ی یه‌کێک له‌ ڕێگه‌کانی تری ڕاگه‌یاندن ئه‌نجام بدرێت به‌ بارودۆخی توندکردنی سزا داده‌نرێت.

تێبینی: سزای غه‌رامه‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌مواری کردوه‌ له‌ تاوانی جۆری که‌تن کراوه‌ به‌ له‌ (45000)دینار که‌متر نه‌ بێت و له‌ (225000)دینار زیاتر نه‌بێت. لە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی (2007)دا سەر لە نوێ‌ جەخت لەسەر سزادانی جنێو كراوەتەوە، لە بڕگەی (5)ی ماددەی نۆیەمدا هاتووە: “جنێودان و توانجی ناڕەوا و ناوزڕاندن قەدەغەیە”.
به‌شیوه‌یه‌كی گشتیی كورد تا ڕاددەیەکی که‌م زمانی پاراو و ڕۆمانسی و جوانناسی به‌ كارده‌هێنیت، زیاتر به‌ زمانی زبر و هه‌ره‌شه‌و جنێودان دێته‌ سه‌رخه‌ت كه‌سی وا هه‌یه‌ دووشه ‌و دوو ڕۆژ جنێوبدات ماندوو نابێت، به‌ڵام یه‌ك ڕسته‌ی جوان و ڕۆمانسی ناتوانێت وه‌ڵا‌مبداته‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی ئاینییه‌وه‌ ده‌بێت به‌رامبه‌ر سه‌رسه‌خترین دوژمن زمانێكی نه‌رم و جوان و پارو به‌كاربهێنیت، ده‌بێت وه‌ڵامێكی په‌روه‌ده‌یی به‌كاربهێنیت، واته‌ له‌جێی هه‌موو جنێودانێك و قسه‌یه‌كی ناشیرین ده‌بێت زمانی گوڵ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی به‌رامبه‌ر هه‌ست به‌ هه‌له‌ی خۆی بكات و گشت تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بن بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە.

هەر بۆیەش بازرگانێکى گەورەى ئەمریکیى وەکو Jim O´conor سەنتەرێکى بەناوی (The Cuss Control Academy) دامەزراندووە و هەوڵ دەدات هاریکاریی جنێوفرۆشەکان بکات بۆ ئەوەى واز لە جنێودان بهێنن.

ھەواڵی زیاتر