دیوێکی دیکەی کازمی لە کوردستان

ئەوەی تۆزێک ئازاری چەشت بێت بە دەست دەسەڵاتدارانی عێراق، هیچ رۆژێک چاوەڕێی ئاو لە بیابانی عەرعەر و پێدانی گوڵ لە زیندانی ئەبوغرێب ناکات.

سیاسی هەڵتۆقیو بەو کەسانە دەوترێت کە لە پڕ خۆیان دەکەن بەناو سیاسەت و بە رێگای میدیا و هەندێ خەڵکی بەرژەوەند خواز وەک باڵۆن پڕ دەکرێن و ئەیانەوی ڕووناکی لە ئاسمان ببینین!

لە دوای رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر دۆخی کوردستان بەرەوو قۆناخێکی دژوار و ناجێگیر لە رووی (سیاسی، ئابوری) هەنگاوەکانی دەستپێکرد و تا ئێستاش لەنگەری نەگرتۆتەوە، ئاسانیش نیە وا بە ئاسانی بکەوێتەوە سەرخۆی، دوای ئەو شەقەی بەریکەوت و بە دەستی خۆشی هێزی شەقەکەی زیاد کرد و دەمێکی باش بورایەوە، هەر دوای بورانەوەکەشی دەست و قاچیان بەست!

دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بەرە وایکردووە بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە یەک بابەت کۆ بکرێتەوە ئەویش تەنها مووچەیە، کە مافێکی ڕەوای خەڵکە دەبوایە و دەبێت شتی ترمان بکردبایە قوربانی وەک چۆن پێغەمبەر ئیبراهیم بۆ رزگارکردنی ئیسماعیلی کوڕی (سەلامی خوایان لەسەر بێت) فەرمووی: خوا ئەمری پێکردووم بە قوربانی کردن بە بەرانێک لە جیاتی تۆ ئەی ئیسماعیل .

ئێمەش لە جیاتی ئەوەی هەیە و نیمانە بیکەینە قوربانی سێ سەد ملیارێک کە دیاریش نیە دەنێرن یان نا، حیزبەکان سەرووەت و کۆمپانیاکانیان بکردبایە قوربانی ئەو کات خەڵک گەر دڵنیابە خۆی و خانەوادەیەکی بەرپرس و بازرگان جیاوازێکی زۆر لە ژیانیان نیە ئەوە داوایە ڕەوایەکان بەردەوام نەدەبوون لە دۆخەکە دروستتر تێدەگەیشتن، واز لەو قورمیشکراوانەی شەقام بێنن کە نان و ژیانیان بە هۆی دژایەتی حکومەتی کوردستانە، بەڵام بەداخەوە ئەم کاریگەرە نەرێنیەمان لە چینی خوا پێداو نا، بەڵکوو چینی خوار بردراو نەبینی بگرە ئەوان زیاتر کەوتنە خۆدەوڵەمەندکردن!

رێککەوتن لە پێناو چی؟

جیا لە هەموو بیرکردنەوەکان رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە دۆخێکی ئیجباری دەزانم لە لایەن هەرێمەوە کە بە دڵی نیە بەڵام ناچارە، بۆیە لە کاتی ناچاریش دەبێت ئەو کەلەگاییەی ئێستای عێراقمان قبوڵ بێت!

گەر نا دوای 2003 یەک سەرۆکوەزیرانی عێراق جورئەتی نەکردووە سەردانی مەرزەکانی هەرێم بکات و بەوپەری هێزەوە (کە بە تاڵە “نمایشی عێراقی بوون هەرێمی کوردستان لێبدات، بۆیە دڵنیاشم فشاری هاوڵاتیانی مووچەخۆر هەرێمی ناچارکرد لە دەوڵەتی دیفاکتۆوە بگۆڕین بۆ هەرێمی کۆماری عێراق.

دەنگێک هەیە کە پێیان وایە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەگەڵ حکومەتی کاتی مستەفا کازمی نەکرێت چاوەڕێ هەڵبژاردنی عێراق بین، بەڵام ئەمەش هەرێمی کوردستانی توشی کۆمەلێک ئاڵنگاری دەکات:

٭لە دابینکردنی مووچەی هاوڵاتیان.
٭لە ئەنجامی پاڵپشتیەکانی نێودەوڵەتی لە کازمی.
٭دۆخی خراپتربوونی نێوان پارتی و یەکێتی لەوەی هەیە هەڵکشێت.

بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت لە نمایشە جوانەکانی کازمی ئەوەیە ئەو هیچی نیە لە دەستی بدات، ئەوەی پێشی گەیشتووە لە تەوەقع نەبووە، بۆیە نمایشێکی سیاسی و سەرباز و دەولی وا دەکات کە سەرنجی نەک خەڵکی سادە بگرە لە ئاستی هەندێ سەرکردە سیاسیەکانی کوردیشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە وەک فریادڕەس دەبینین، کە ئەمەش وا دەکات هەستی نەتەوایەتی و بەرگە گرتنی ئەو میللەتە لە رژێمەکانی عێراق تا ئێستا بە با بدەین و نەوەی داهاتووش فێر دەکرێت مووچە و ژیانی پێش کەرامەت و خاک و نیشتیمان بێت.

بۆیە واینابینم ئەو دیدارنەی کازمی لە هەولێر کە لە وێنەکان دەبینران لە دڵەوەش وا بێت، چونکە لە پەیوەندی نێودەوڵەتی بەو دیدارانه دەوترێت ناچاری و چوونە ژێر باری داخوازی لە پێناو خواستی هاوڵاتیان کە لە ئێستادا مووچەیە، لە سەدا حەڤدە پاشەکشەمان کرد بۆ سێ سەد ملیار کە ئەمە خواستی هیچ تاکێکی هۆشیاری کوردستان نیە، بەڵام هەموو ئەوانە پێمان دەلێت نەبوونی متمانە لە هەرێمی کوردستان لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، پارتە سیاسیەکان ئێمەی گەیاند بەو دۆخە کە هیچ دڵسۆزێک دڵی پێی خۆش نیە.

بۆیە پێش بەهێزکردنی ئابووری و ئاشتەوایی سیاسی لە کوردستان، پێویستە متمانە و خۆشەویستی بونیاد بنێنەوە لە جیاتی شەڕی تیکتۆک بگەڕێنەوە بۆ وانە “هەرەووزی”.

ھەواڵی زیاتر