له‌ قاڵبدانی ژن له‌ دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كاندا!

میدیا به‌كۆی ئامرازه‌كانیه‌وه‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌و سیاسه‌تی میدیایی، ده‌یان سه‌رنجی هه‌ڵگرتوه‌، به‌دیاریكراوی له‌م ناوچه‌یه‌، هاوكێشه‌ی میدیایی جیاواز له‌سیاسه‌ت‌و ئامانجی دیاریكراوی ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی دیاریكردوه‌، وه‌ك هه‌یكه‌لی دامه‌زراوه‌یی هه‌میشه‌ جێی ڕه‌خنه‌ی به‌شێك له‌ژنان‌و فێمێنیسته‌كانیش بووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن ژن له‌میدیای كوردیدا له‌قاڵبدراوه‌.

ئه‌گه‌ر سه‌رنجبده‌ین به‌دیاریكراوی ژن له‌هه‌یكه‌لی دامه‌زراوه‌یی میدیاییدا، وه‌زیفه‌ میدیاییه‌كه‌ی به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌قاڵبدراوه‌‌و تێگه‌یشتنێكی بۆ وه‌رگر دروستكردوه‌، كه‌ تواناكانی له‌و چوارچێوه‌ دیاریكراوه‌ زیاتر نییه‌، ئه‌مه‌ش كلتورێكی دروستكردوه‌ كه‌ ژنان خۆشیان پابه‌ندی ئه‌و كلتوره‌بن كه‌ هه‌یه‌! ئه‌گه‌ر نمونه‌كه‌ له‌سه‌ر تیڤی بهێنینه‌وه‌، له‌كۆی دامه‌زراوه‌یه‌كی تی ڤی دا ئه‌ركی ژنان به‌گه‌وره‌یی ئه‌ركی پێشكه‌شكارییه‌، زۆربه‌ی كاتیش پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن، جگه‌ له‌هه‌واڵنامه‌ سیاسیه‌كان، ته‌نانه‌ت ژنان كه‌مترین خاوه‌نی به‌رنامه‌ی سیاسین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش له‌چه‌ند زاویه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت بخوێندرێته‌وه‌و هۆیه‌كانی ده‌ستنیشانبكرێت!

سه‌رنجبده‌ن؛ له‌دامه‌زراوه‌یه‌كی تی ڤی دا له‌به‌شه‌كانی هه‌واڵ‌و په‌یامنێراندا كه‌مترین ژنه‌كان سه‌رنوسه‌رن، هه‌واڵسازن، یاخود په‌یامنێره‌كان كه‌ له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن‌و زۆركات ده‌وترێت په‌یامنێره‌ تاقانه‌كان، چونكه‌ له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كاندا زیاتر هه‌ست به‌و گرفته‌ ده‌كه‌یت‌و له‌ژنێك تا دوان زیاتر نییه‌، هه‌روه‌ك له‌ڕوه‌ هونه‌ریی‌و ته‌كنیكیه‌كانیشه‌وه‌ له‌كۆنترۆڵه‌كاندا له‌كاری مۆنتێری، ده‌رهێنان، كامێرا تا هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ته‌كنیك ژنان هیچ تایبه‌تمه‌ندیه‌كیان نییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕوبه‌ری هیوایه‌كمان بۆ ناهێڵێته‌وه‌ له‌سه‌ر تواناو پێگه‌یشتی ژن له‌میدیادا، له‌كاتێكدا میدیا به‌زانست كراوه‌و ساڵانه‌ له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ده‌رچویه‌كی زۆرمان هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا كه‌ تایبه‌تمه‌ندی له‌به‌شه‌كانی میدیا وه‌رده‌گرن.

دروستكردنی ئه‌م مۆدێله‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی ژن له‌میدیادا، داهاتوی ژن ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌كردنی ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی پیاو له‌میدیادا قۆرخی كردوه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ره‌نجام ژن له‌میدیادا له‌قاڵبدراوه‌ بۆ هه‌ندێك چوارچێوه‌ی بچوك‌و قه‌تیس كراوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و بۆچونانه‌ی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ژن خزمه‌تی چاوی وه‌رگره‌كانی ده‌كات‌و هه‌ندێك كات ده‌وترێت وه‌ك كاڵا بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی وه‌رگر به‌كارده‌هێنرێن، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كوردستان، به‌ڵكو له‌جیهانیشدا ئه‌و تێڕوانینه‌ له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ژن له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌كوردستان ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ قوڵتره‌، هه‌روه‌ك ده‌بینین له‌ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی كوردی تایبه‌ت به‌كاتبه‌سه‌ربردن، به‌لێشاو به‌رنامه‌ی نمایشكاریی‌و مه‌یك ئاپ‌و فاشن‌و دیداری هونه‌ری ئه‌نجامده‌درێت‌و پێشكه‌شكاره‌كانیان ژنن كه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌رگی ئه‌م مۆدێله‌یان به‌باڵای ژناندا دوریوه‌و ئه‌م گۆشه‌ی ده‌ركه‌وتنه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاندون !

ده‌كرێت بڵێم بۆ وه‌ها بابه‌تێك له‌چوارچێوه‌ی لێكوڵینه‌وه‌ یان توێژینه‌وه‌یه‌كدا دروستترو شیكاریتر هۆكارو ده‌ره‌نجامه‌كانیمان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره‌دا ڕه‌هه‌نده‌ سیاسیه‌كه‌ چاولێبكه‌ین، وه‌ك كاریگه‌رترین‌و به‌هێزترین هۆكاری ئه‌م كێشه‌یه‌، زۆر به‌ساده‌یی ده‌توانین هێڵی كێشراوی ئه‌م دۆخه‌ ببینین‌و بپرسین خاوه‌ندارێتی میدیاكان بۆكێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟. گومانی تێدانییه‌ مه‌كینه‌ی میدیای پارته‌ سیاسیه‌كان‌و سێبه‌ره‌كانیان له‌كوردستان ته‌واوی ڕوبه‌ره‌كه‌ی داگیركردوه‌ كه‌ سیاسه‌ت‌وستراتیژی لایه‌نێكی دیاریكراو جێبه‌جێده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌رگای پرسیارێكی دیكه‌مان بۆ ده‌كاته‌وه‌، ئایا سیاسه‌تی پشتی میدیاكان چه‌ند باوه‌ڕیان به‌باڵانسی جێنده‌ری هه‌یه‌‌و زه‌مینه‌یان ڕه‌خساندوه‌ كه‌ ژن خاوه‌ندارێتی بگرێته‌ده‌ست‌و ڕۆڵی به‌ڕێوه‌بردن وه‌ربگرێت، له‌كاتێكدا ژن له‌ناو خودی حزبه‌كاندا كێشه‌ی ڕێژه‌یی‌و به‌شداریكری سیاسی هه‌یه‌؟ ئه‌م نه‌فه‌سه‌ له‌بیركردنه‌وه‌ له‌ناو حزبه‌كاندا كلتورێكی دروستكردوه‌و سه‌پاندوه‌ تا ئه‌‌ندازه‌ی له‌قاڵبدانی بیركردنه‌وه‌ی خودی ژنان تا شوكرانه‌ی ئه‌و كادیره‌بكه‌ن كه‌تێیدا ده‌رده‌كه‌ون‌و ته‌نها له‌یه‌ك بازنه‌دا بخولێنه‌وه‌ نه‌ك خاوه‌ندارێتی، بگره‌ ده‌ست بۆ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی دیكه‌ی كاری میدیاییش نابه‌ن كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موی په‌یوه‌ستن به‌فه‌لسه‌فه‌ی كاركردنی پشتی میدیاكان‌و ئێستا پێویستیان به‌گۆڕانكاری هه‌یه.

به‌م تێروانینه‌ خێرایه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی له‌م ژینگه‌ میدیاییه‌ی ئێستاداو له‌پاڵ شۆڕشه‌ گه‌وره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیاو توانای ژن وه‌ك زه‌روره‌تێك له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی كاری میدیایی‌و به‌ڕێوه‌بردندا، پێویستیمان به‌شكانی كۆنكرێتی بیری كۆنی حزبی‌و شۆڕشی عه‌قڵه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كلتوری له‌قاڵبدانه‌ی ژن‌و ڕاچڵه‌كینی ژنه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هزرو ڕوناككردنی بیری تاریكی‌و ده‌ركه‌وتنی له‌به‌رگێكی دیكه‌ی پێگه‌یشتن‌و ڕۆشنبیركردنی له‌به‌شه‌كانی میدیا‌و ئه‌زمونكردنی خاوه‌ندارێتی‌و به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌ی میدیاییدا.

ھەواڵی زیاتر