مەرسوومەکەی شەرع و رەتکردنەوەی داننان بە کێشەی کورد و چارەسەری لامەرکەزی
مەرسوومەکەی ئەمڕۆی ئەحمەد شەرع دەربارەی مافە کولتووری و مەدەنییەکانی کورد، بەشێوەیەکی گشتی هەمان ئەو شتەیە کە لە ئێستای تورکیادا لەئارادایە و ئاستی سەرەتای هاوڵاتیبوون و هەندێ مافی کولتووری تێناپەڕێنێت و بەرز نابێتەوە بۆ ئاستی چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو بەشەی کوردستانی دابەشکراودا، هەربۆیە وایدەبینم، لەجیاتی زەمینەسازکردن بۆ چارەسەریی ئاشتییانە، نائومێدییەکی زۆرتر دەربارەی ئایندەی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە و ئازادانە و ئابڕوومەندانە زۆرتر دەکات، ئەویش لەبەر چەندین هۆکار، لەوانە:
١- هەموو فۆرمێکی ناناوەندێتی و لامەرکەزی کە تایبەتمەندیی کوردی تێدا بەرجەستە بکرێت و ببێتە رەمزی چارەسەری، رەتدەکاتەوە.
٢- تەنیا وەك پێکهاتە و گرووپێکی ئیتنیکی دان بە کورددا دەنێت، نەك نەتەوە و خاوەن بزووتنەوەی نەتەوەیی، بۆیە تەنیا باسی هەندێك مافی کولتووری و مەدەنی دەكات، نەك چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لەو پارچەی کوردستاندا، چونکە داننان بە بوونی کێشەیەکی لەوجۆرە، بەواتا سیاسییەکەی، رەت دەکاتەوە!
٣- بە نیوەچڵی دان بە زمانی کوردیدا دەنێت، بەوەی زمانێکی نیشتمانییە، بەڵام نە زمانی فەرمییە و نە هی پەروەردەش، بەڵکوو کورد تەنیا دەتوانێت بڵاوکراوەی کوردیی هەبێت و ئەگەر قوتابییەکانیش خواستیان لەسەر بوو وەك وانەیەکی ئارەزوومەندانە بیخوێنن و فێری ببن!
٤- مەرسوومەکە دان بە جوگرافیا و خاکێکی نەتەوەیی بەناوی کوردستاندا نانێت، کە پێشمەرجی هەرجۆرە چارەسەرێکی ڕاستەقینەی کێشەی کورد و مەسەلەی کوردستانە.
لێرەشەوە، ئەم مەرسوومە نائومێدترمان دەکات لەوەی دەسەڵاتی کاتی لە سووریا هیچ دید و خواستێکی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەرکردنێکی ڕاستەقینەی پرسی کورد لەو پارچەیەدا هەبێت، چونکە دوای شەڕ و خوێنێکی زۆر و بەکوردیکردنی پەروەردە و فێرکردن و چەندین ساڵ خۆبەڕێوەبەری و گەڕانەوەی ئیعتبار بۆ مرۆڤی کوردی پەراوێزخراو و سەرکوتکراو و ئامادەبوونی وەك فەرماندە و خاوەن را و چەسپاندنی چەمکی رۆژئاوا و بەسیاسیبوونی ژمارەیەكی زۆر کورد و رێکخراوبوونیان، زۆر قورسە پێمان وابێت ئەم جۆرە مەرسوومانە لەتوانایاندا بێ ببن بە چوارچێوەیەك بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و تەنانەت کۆی قەیرانی سیاسی لە ئێستای ئەو وڵاتەدا.
ئەبووبەکر کاروانی