پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان و شکستی خەونى نەیاران
دوژمنان و نەیارانى گەلى کورد لە ناوچەکەدا، ئەم قەوارەیەى بەرهەمى دەیان ساڵ خەبات و بەرخودانەی بووەتە نموونەى حوکمڕانییەکى دیموکراسی و ئازادیخوازى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە ماوەى سێ دەیەى رابردوو بە جۆرەها پیلانگێڕى و سیناریۆ داگیركەران و دوژمنان هەوڵى لاوازکردن و لەناوبردنیان داوە، بەڵام ئەوەى ڕێگر بووە و شکستى بە پیلانى ناحەزەکانى هێناوە، خۆڕاگریى گەلى کورد و سیاسەت و دیپلۆماسی و ئیدارەدانى سەرکەوتوانەى سەرکردایەتیی سیاسیى گەلى کورد، نەخاسمە رێبەر و مەرجەع و پێشمەرگەی كوردستان سەرۆک بارزانى.
شاراوە نییە، چ لەسەر ئاستى عێراق و چ لەسەر ئاستى هەرێمایەتى، بە شێوازى جیاواز و پیلان و قەیرانسازیى پێشتر ئامادەکراو، بەتایبەت لەم چەند ساڵەى دواییدا فشارەکان تادێت دژى گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان چڕتر دەكرێنەوە، جۆرەها چەک و سیناریۆ و جاش و تابوورى پێنجەم و شەڕى راگەیاندن و گەمارۆی ئابوووری بەرامبەر بە کوردستان بەکار دەهێنن، بەڵام تاکوو ئێستا ئیرادەى گەلى کورد و حکوومەتى کوردستان توانیویەتى بەسەر ئەو فشار و پیلانگێڕییانەدا سەرکەوێ.
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە، کاردانەوە و هەڵوێستى وڵاتانى ناوچەکە و نێودەوڵەتییە کە پیشانى داوە هەرێمى کوردستان خاوەن سەنگ و پێگەیەکى مەزن و بەهێزە لە ڕووى دیپلۆماسى و سیاسییشەوە، ئەوەش لە هەڵوێست و کاردانەوەى زلهێزانى وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و وڵاتانى هاوپەیمانان و پشتگیریکردنیان لە دۆزى کورد و قەوارەکەى بە روونى دەردەکەوێت.
گەلى کوردستان لە ماوەى ئەم 15 ساڵەى دواییدا، لەسەر ئاستى ناوخۆیی عێراقى و هەرێمایەتى و ئینجا بەکارهێنانى هەندێک لایەن بەناو کوردستانى، ڕووبەڕووى فشار و پەلاماردانى زۆر بووەتەوە، بەڵام حکوومەتى کوردستان بە پشتیوانیى خوا و گەل و سەرۆكێکى خۆڕاگر و نیشتیمانپەوەر توانیویەتى بەسەر هەموو ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەدا زاڵ بێت و سەرکەوتوو بێت، لەگەڵ ئەوەش، ئەم قەوارە یاسایی و دەستوورییە لەسەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتییش ماوە و پێگەیەکى دیار و بەهێزى دیپلۆماسیی هەیە. قەوارەیەک، بە خوێن و قوربانیی خەڵک و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەدەست هاتووە، ئەوەش وای کردووە هەرێمى کوردستان بەرامبەر ئەو فشارانە پارێزراو و بەهێز بمێنێتەوە.
هەرێمى کوردستان لە چەند ڕوویەکەوە خاوەن پێگە و ستراتیژیی بەهێزە، کە دەکرێت ئاماژە بە هەندێكیان بکەین:
یەکەم: لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە، سەرکردایەتیى سیاسیی کوردستان زۆر ژیرانە و هاوسەنگانە سیاسەت و مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات، ئەوەش وای کردووە قەوارەى هەرێمى کوردستان پارێزراو بێت.
دووەم: لە رووەى فەراهەمکردنى ئاسایش و سەقامگیرى و ئاشتى، هەرێمى کوردستان توانیویەتى ئەوە بسەلمێنێت کە قەوارەى سەقامگیر و تەناهی و پێکەوەژیانە و لەجیاتى هەموو دونیا شەڕى بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و ئەمنییەتى هەموو جیهان کرد.
سێیەم: هەرێمى کوردستان لە ڕووى سەروەت و سامانى ژێرزەوى، بەتایبەتى کەرتى وزە و نەوت و غاز، خاوەن پێگەیەکى دیار و بەرچاو و بەهێزە، چاوى زلهێزان و کۆمپانیا ناودارەکانى جیهانى لەسەرە، بۆ ئەوەى لەگەڵ کوردستان باشترین پەیوەندییان هەبێت و گەورەترین گرێبەستى نێوان هەولێر و واشنتۆن باشترین نموونەیە.
چوارەم: هەرێمى کوردستان وەک دوورگەیەى ئارام، بووەتە نموویەکى جوانى پێکەوەژیانى ئاشتییانەى هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان، ئەوەتا رەوشى عێراق بە شێوەیەک رۆژ بە رۆژ ناوچەکانى خۆیان چۆڵ دەکەن، بەڵام هەر پێکهاتەیەکى نەتەوەییی، ئایینى و ئایینزایی بێت، هەموویان ڕوو لە کوردستان دەکەن، چونکە لێرە هەست بە دڵنیایی و پارێزراویی مافەکان و مرۆڤبوونیان و ئاسایشێکى بەهێز دەکەن.
پێنجەم: هەرێمى کوردستان خاوەن پەیوەندییەکى بەهێزە لەگەڵ وڵاتانى زلهێز و کەنداو و ناوچەکە و ئەورووپا، بۆیە وەک دەبینن وڵاتێکى زلهێزى وەک ئەمەریکا گەورەترین کۆنسوڵخانەى لەسەر ئاستى جیهان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە هەولێرى پایتەختى کوردستان دروست کردووە و نزیکەى 40 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیى فەرمیى وڵاتان لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن و لە داهاتووشدا وڵاتانى زیاتر لە رووى دیپلۆماسى و ئابوورییەوە ڕوو لە هەرێمى کوردستان دەکەن و ئەوەش واتا پێشکەوتنى زیاتر.
بۆیە، ئەوەى ئاماژەی پێ کرا پێمان دەڵێ، هەرچەند دوژمنان پەلامار و فشار دژى گەلى کورد و قەوارەکەى دروست بکەن، یانیش هەوڵى بچووكکردنەوە و پەراوێزخستنى رۆڵى هەرێمى کوردستان بدەن، تەنیا لە چوارچێوەى خەونێکدا دەمێنێتەوە و بە هیچ شێوەیەک هەرێمى کوردستان بچووک و گۆشەگیر ناکرێت، بەڵکوو داهاتوویەکى گەشتر چاوەڕوانی دەكات.
رێبوار حەمەلاو شوانی