لفـكە و لـكـزس( چیــرۆكـی بوێری و سەركێشی و پەرەپێدانی درەنگوەخت)

ئەگێڕنەوە ئەڵێن لەو ساڵانەی كە پیشەسازی ڕستن و چنین لە جیهانی پێشكەوتو بایەخی بەرەو كەمی دەچو، یەكێك لەوڵاتە دواكەوتوەكان بۆ یەكەمجار بەدەرد و زەحمەتێكی زۆر، لەڕێگەی سود وەرگرتن لەبازرگانی لەگەڵ وڵاتێكی پێشكەوتو توانیی چەند كارگە و كۆمپانیایەكی تایبەت بە پیشەسازی ڕستن و چنین دامەزرێنێ و بگاتە ئەوەی كە بتوانێ لفكەو ملپێچ و زۆربەی جلوبەرگەكان بەرهەم بهێنێت و بەشێكی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاربێنێ و بەشێكیشی هەناردەی وڵاتە هەژارە دراوسێكانی بكات.

كاركردنى ئەو وڵاتە لەو پیشەسازیە چەند ساڵێك بەردەوامیی هەبو، چەند كارگەو كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئامێری ڕستن وچنینیش دامەزران.

لەو سەروبەندەدا كە هێشتا ئەو وڵاتە لە گڕوگاڵ و دارەدارەی پشەسازی سوك و ڕستن و چنیندا بو، یەكێك لەكۆمپانیاكانی ئەو بوارە، بەچڕی ڕوی كردە پشەسازیی قورس و دروستكردنی ئۆتۆمبێل بەمەبەستی هەناردەكردن، حكومەتیش بوە پاڵپشتیكەر و یارمەتیدەری. ئەم كۆمپانیایە ئامانجەكەی زۆر گەورە بو، بازاڕە گەورەكانی جیهان و وڵاتە پێشكەوتوەكانی خستبویە ناو چوارچێوەی ئامانجەكەی.

ئەمە بۆ ئەو سەردەمەی وڵاتەكە كارێكی قورس و پڕ سەركێشی و ئاڵنگاری بو، تێچویەكی زۆری هەبو، سەرکەوتنی مسۆگەر نەبو.
بەشێكی بەرچاو لەخەڵك لە لایەن و چین و توێژە جیاوازەكان نەیاری ئەو كارە بون و دەیان و سەدان پاساوی جۆراوجۆریان ڕیز دەكرد بۆ بەرهەڵستیكردن و دژایەتیكردنی ئەو هەنگاوە.

بەڵام كۆمپانیاكە زۆر سەرسەخت و پێداگربو لەسەر ئەو كارە، حكومەتیش لەو زیاتر.
كارەكە بەردەوامی پێدرا و، تێچویەكی زۆریشی لەسەر كۆمپانیاكە و حكومەت و خەڵك هەبو.

سەرەنجام دوای چەندین ساڵ كۆمپانیاكە یەكەم ئۆتۆمبێلی هەناردەی وڵاتی ئەمریكا كرد.

بەڵام لە بێبەختیدا بەرهەمەكە لەلایەن بازاڕەكانی ئەمریكاوە بەتوندی ڕەتكرایەوە و، نەك هەر قبوڵ نەكرا بەڵكو بوە جێگەی گاڵتەپێكردن و، پێی دەوترا ئەمە ئۆتۆمبێل نیە بەڵكو پارچە ئاسنێكی بێكەڵكە و چوار خولخولۆكەی پێوەیە، ئۆتۆمبێلەكە گەڕێنرایەوە بۆ وڵاتی خانەخوێ و وتیان ماڵی قەڵب سەر بەساحێبیەتی، بەوجۆرە ئەو پرۆژەیە ڕوبەڕوی گرفت و تەنگژەی گەورە بویەوە، كۆمپانیاكە و حكومەتەكە و خەڵكەكە لەم كارە زۆر زیانیان بەركەوت.

بەڕای تۆ ئەبێ چارەنوسی ئەو كۆمپانیایەو ئەو وڵاتە و خەڵكەكەی بەچی گەیشتبێ؟

چیرۆكەكە درێژەی هەیە، بەڵام من لەمە زیاترت بۆ ناگێڕمەوە، چونكە پێم وایە خۆت بەشەكانی تری دەزانیت، لەوانەیە تەنها كەمێك پێویتست بەم بەرچاو ڕونیانە هەبێت:

  • ئەوەی باسكرا چیرۆكێكی هەڵبەستراو نەبوو، بەڵكو ڕاستیی ڕوداو و، واقیع بوو.
  • ساڵەكە ساڵی 1957 بو، كە ئۆتۆمبێلەكەی تێدا هەناردەكرا.
  • وڵاتەكە یابان(ژاپۆن) بوو.
  • كۆمپانیاكە كۆمپانیای تویوتا بو، كە ئێستا كۆمپانیای لكزس لقێکە لەگروپی كۆمپانیاكانی.
  • بەڵام پێت ناڵێم ئەو پاساوانە چی بون كە لەو كاتەدا لەناوخۆی ئەو وڵاتە بۆ دژایەتیی ئەو هەنگاوە ڕیز كرابون، چونكە خۆت بەردەوام گوێبیستی زۆرێك لەو جۆرە پاساوانە دەبیت.

جیهانگیر گوڵپی

ھەواڵی زیاتر