کشمیر میدانی جەنگیکی کۆتایی نەهاتوو

کشمیر میدانی جەنگیکی کۆتایی نەهاتوو، سیناریۆکانی جەنگ لە سێبەری چەکی ئەتۆمیدا لەنێوان هیندستان و پاکستان .

هیندستان کە زۆرینەی هیندۆسین و پاکستان کە زۆرینەی موسڵمانن کە لە ساڵی ١٩٤٧ سەربەخۆ بوون. دوای ئەوەی بەریتانییەکان دەستبەرداری کۆلۆنیالیزم بوون،
چەند مانگێک دواتر گرژی و ئالوزییەکانی نێوان دوو وڵاتە نوێیەکە لەسەر کشمیر دەستی پێ کرد.هیندستان ئیدیعای کرد کە کشمیر بەشێکە لە هیند، لە کاتێکدا پاکستان بە پشتیوانی جەماوەری زۆرینەی موسڵمانی ناوچەکەی وەک بنەمایەک بۆ ئیدیعای خۆی هێنایەوە.مێژوویی ململانی و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هیندستان و پاکستان لەوکاتەوە دەستی پێ کرد.

مەهاراجا (پاشاى کشمیر) سەرەتا بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕا، چونکە کشمیر بۆ چەندین سەدە بەهۆی داگیرکردنی ئیمپراتۆریەتەکانەوە پشتگوێ خرا و ژێردەستە کرا. بەڵام لە کۆتاییدا ڕەزامەندی دەربڕی کە پەیوەندی بە هیندستانەوە بکات، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕی هیندستان و پاکستان لە ساڵانی ١٩٤٧-١٩٤٨. بەڵام دواتر ڕێککەوتنی کەراچی ساڵی ١٩٤٩ بە دامەزراندنی هێڵی ئاگربەست بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کاتی کۆتایی بە توندوتیژی لە ناوچەی کشمیر هێنا. هێڵێک کێشرا کە خاکەکەی دابەش دەکرد، نزیکەی دوو لەسەر سێی ناوچەکە بۆ هیندستان و ئەوەی تر بۆ پاکستان. دواتر گرژییەکان زیاتر بوون، پەرەی سەند و لە ساڵی ١٩٦٥دا جەنگیک لە نێوانیان دا ڕویدا کە دوەمین جەنگی گەورەی نێوانیان بوو، لە ساڵی ١٩٧١دا هیندستان و پاکستان شەڕێکی کورتی دیکەیان لەسەر ڕۆژهەڵاتی پاکستان کرد، دواتر ریککەوتنی سملا بە ئەنجام گەیشت و لە ئەنجامدا بەنگلادیش دروست بوو.

بەڵام لە ساڵی ١٩٧٤دا ململانێکان بە هێنانەکایەی چەکی ئەتۆمی ڕەهەندێکی نوێی وەرگرت. لەو ساڵەدا هیندستان یەکەم چەکی ئەتۆمی خۆی تاقیکردەوە، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی کە پاکستان دوای دوو دەیە گەیشتە چەکی ئەتومی. هەروەها لە ساڵی ١٩٩٩ دوای ئەوەی سەربازانی پاکستان دزەیان کردە ناو کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ناوچەی بەرزایی کارگیل ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.کە یەکیکی تر لە مهم ترین ڕووبەڕووبوونەوەکان بوو، کە دواتر بە فشاری نێودەولەتی پاکستان ناچار بوو بکشیتەوە.هندستان تەواوی ئەوناوچانەی گرتەوە کە کەوتەبونە ژیر دەستی پاکستان. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨، ترسی ڕووبەڕووبوونەوەیکی تری ڕاستەوخۆی سەربازی لە نێوانیاندا بەرزبوەوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا زیاتر لە سێ هەزار هێرشی سنوور بەزاندن تۆمارکراون. هەروەها لە سالی ٢٠١٩ هێرشی پولواما، جاریکی تر گرژی نێوانیان دەستی پێ کردەوە. دوای بڵاوەپێکردنی دەیان هەزار سەرباز بۆ ناوچەکە، حکومەتی هیندستان هەنگاوی نا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٣٧٠ی دەستووری هیندستان. گۆڕانکارییەکە پێگەی تایبەتی جامو و کشمیری لابرد، کشمیرییەکانی ناچارکرد سەربەخۆیی خۆیان کەمکەنەوە.

لە 22ی نیسانی 2025، گرژییەکان دوبارە پەرەی سەند، دوای ئەوەی چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر گەشتیارانی هیندستان لە شاری پاهالگام لە کشمیر کە ناوچەیەکی سنووری کێشە لەسەرەو لە ئەنجامدا بیست و پێنج هاووڵاتی هیندی و هاوڵاتییەکی نیپاڵی کوژران. هیندستان پاکستانی بە هۆکاری هێرشەکە زانیوە، بەڵام ئیسلام ئاباد ڕەتیدەکاتەوە پەیوندەی بەو هێرشەوە هەبێت گرۆپیک خستیە ئەستوی خۆی، ڕووداوەکە کوشندەترین هێرشی تیرۆریستی بوو لە خاکی هیندستان لە دوای هێرشەکانی ساڵی ٢٠٠٨ی شاری مومبای.

لەبەرامبەردا نیودەلهی سەرەتا ئاوەکانی ئیندوس یا دریایی سند گرتەوە کە (٩٠٪بەرهەمی خوراکی و کشتوکالی پاکستان لەسەر ئەو ئاوەیە و کاریگەریکی گەورەی لەسەر تەواوی شار و گوندەکانی ئەو وڵاتە دەبێت)، هەروەها داخستنی دەروازەی سنووری نێوان هەردوو وڵات. پیش ئۆپراسیونەکە عەتاوڵا تەلار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان رایگەیاند “پاکستان زانیاری هەواڵگری باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستان بەنیازە لە 24-36 کاتژمێری داهاتوودا چالاکیی سەربازی دژی پاکستان ئەنجام بدات.”
دواتر هندستان دەستی کرد بە چەند مانۆڕی سەربازی بەتایبەت هێز و چەکی دەریایی و دواتر ئۆپەراسیۆنی سندوور” لە ٧ مانگ دەستپێکرد کە ٩ شوێنی لە کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، کردە ئامانج، کە گوایە ئەو شوێنانە بۆ پلاندانان بۆ هێرشەکان بەکارهێنراون. دەلێن تەنیا ژێرخانی تیرۆریستی”ی سەر بە دوو گروپی چەکداری – لەشکر تەیبە و جەیش محەممەدیان کردووەتە ئامانج.نەک ناوچەی مەدەنی و سوپای پاکستان.ئەمە بەشێکە لە وەڵامی هیندستان بۆ هێرشی پاهالگام کە مانگی ڕابردوو لە کشمیری ئیدارەی هیندستان ڕوویدا.

لە کاتیکدا هندستان رایگەیاند کە تەنیا ئەو ناوچانانەی کە کەمپی مەشقی چەکدارە یا گرۆپە تیرورستیەکانن بۆردمان کردوە،بەلام ئەو دۆخە ترسی ململانێی سەربازیی بەرفراوانتری نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی زیاتر کرد، لەبەرامبەردا پاکستان هەڵپەساردنی پەیمانی ئاوی ڕەتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ڕۆیشتنی ڕووباری ئیندوس بۆ پاکستان راگەیاندنی شەڕە.(ئیندوس لە تبتەوە سەرچاوەی گرتووە و پێش ئەوەی بگاتە پاکستان بە چین و کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستاندا تێدەپەڕێت). ئیسلام ئاباد ئیدیعای ئەوە دەکات پێنج فڕۆکەی هێزی ئاسمانی هیندستانی خستۆتە خوارەوە، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئەمەش ململانییەکەی هەردو وڵاتی گەیاندووەتە لێواریکی فراوانتر.جەنگەکانی پێشوو لەسەر کشمیر هەریەکەیان خوێناوی بوون.

نیودەلهی بە هاوبەشێکی گرنگ بۆ واشنتۆن دادەنرێت، چونکە هەوڵدەدات بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی چین بداتەوە لە ناوچەکە و زەریای هێمن. هەروەها پاکستان بە هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکا دادەنرێت.
لەلایەکی تر چین کە هاوکات ئیدیعای کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە کشمیر دەکات و لە ساڵانی ڕابردوودا لە پاکستان نزیکتر بووەتەوە.

لە کاتێکدا کە دۆخەکە هێشتا لە پەرەسەندندایە، ئەوەی لە دوای ئەوە دێت زۆر بەندە بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پاکستان بۆ لێدانەکان. پاکستان ئەمە بە راگەیاندنی جەنگ دەزانیت، هەڕەشەی ئەوە دەکات لە بەردەام بونی ئەو هێرەشانە بە هەموو توانایی خۆی وەلام دەداتەوە و رایانگەیاند کە هەر هێرشیک بکریت وەڵامیکی هاوشێوە دەدنەوە. هەروەها بەردەوامی جەنگ بەندە بە ئابوریی هەردولا جەنگی نوێ تیچوی زۆرە ئایا اقتصادی هەردو وڵاتەکە چەندە تەحمولی ئەوە دەکات. هندیستان بەراورد بە پاکستان اقتصادیکی گەورەیە ، هیندستان خاوەنی یەکیک لە گەورەترین و بەهێزترین سوپاکانی جیهانە، بودجەی سەربازیی حەوت بەرامبەری بودجەی پاکستانە، لەبەرامبەردا اقتصادی پاکستان ئەستەمە تەحمولی جەنگیکی بەردەوام و درێژخایەن بکات،قەرزیکی زۆری دەرەکی لەسەرە،هەردوکیان ئامادەی جەنگیکی درێژخایەن و بەردەوامیان نیە و نایانەویت،سەخت دەبێت جەنگیکی فراوان بە ئاسانی لە نێوانیاندا ڕونادات.

بە شێوەیەکی گشتی چەند سیناریۆیک هەیە لەوانە هەڕەشەی ئەتۆمی بەلام ئەمە ئەگەرەیکی زۆر دورە و ناواقعی یە هەردو وڵات زۆر باش مەترسی ئەوە دەزانن، سیناریۆیکی تریش کە دەکریت زۆر دور بێت چون هەردوکیان ئەوەیان ناویت و دەزانن کە دەرئەنجامەکەی چون دەبێت، ئەویش جەنگی تەواوە ئەگەرەیکی زۆر دورە کە جەنگی تەواو عەیار لە نێوانیاندا ڕوبدات، سیناریۆیکی دیکە لەهەموویان واقعی تر ئەوەیە کە جەنگیکی سنوردار بێت، سیناریۆیکی دیکە ڕێگەی دیپلۆماسییە، بەلام لەگەل ئەوەشدا هەموو سیناریۆ و ئەگەریک کراوەیە ،ئەگەری ئەوە هەیە گرژییەکان لەدەست دەربچن بۆ جەنگیکی تەواو، ململانی هیندستان و پاکستان کە دوو دراوسێیین کە مێژوویەکی دوور و درێژی ململانێیان هەیە،لە ئەگەری بەردەوام بوونی گرژیی و هێرشەکان و ڕودانی هەر یەکیک لەو سیناریۆ و ئەگەرانە جیا لە دیپلۆماسیت ناوچەکە و دوخەکە دەخاتە ناو ئالۆزیی و مەترسیکی گەورە.

بەهرۆز عزەت

ھەواڵی زیاتر