شەقەكانی بەردەم خەڵاتی بلە
شەقەكانی بەردەم خەڵاتی بلە
ئاوایە سەرۆكەكەی..!!!
لەبەردەم مەراسیمی خەڵاتی پلەو هۆڵی هونەر، لەكاتی ئامادەبوونی سەرۆكی یەكێتی، سەرۆكی كۆمار، جێگری سەرۆكی حكومەت، لەبەردەم مایكی میدیاكاندا پەلاماری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی دەدەرێت….!!!؟؟؟؟
رۆژێك كۆماندۆكەی سەرۆك هاوڵاتی دەكوژێت و رۆژێك دژەتیرۆرەكەی رۆژنامەنووس دەڕفێنن، رۆژێك ئاساییشەكەی پەلاماری مامۆستا دەدات و رۆژێك هێزە رەشەكەو رۆژێك هێزە بۆرەكەو رۆژێك پاسەوانی فڵان بەرپرس و رۆژێك پێشمەرگەكانی كاكە فڵان لە فڵان كەسیان داو فڵان كەسیان رفاند…؟؟؟؟
ئازایە سەرۆكەكەی ….. ئێوە كە رۆژانە بە جلی سەربازی و دەمانچەوە دەردەكەون و تەقە دەكەن، ئێوە كە رۆژانە باوەش بە جەنەراڵە سەربازییەكاندا دەكەن و هانیان دەدەن، دواجار پەلاماری ماڵی خۆشتان دەدەن..!!
ئێوە ئامادەبن سەدان ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ كۆماندۆ و دژەتیرۆرو هێزەكانی خۆتان خەرجبكەن و بیرو هزرتان هەرلای هێزو چەك و جبەخانەبێت، ئێوە لەبری رۆشبیری، شاری رۆشنبیری پڕ دەكەن لە چەكدار، ئیتر چاوەڕوانی ئەوەش بكەن چەكدارەكانتان پەلاماری خۆتان بدەن.
هەموو جێگەیەكتان كردووە بە نمایشی هێز و جەنەراڵەكان، دەچیتە پرسە لەبەر پاسەوانە گوپخڕەكان بەرناكەوێت، بۆنەو مەراسیمەكان بە پاسەوانە شیكپۆشەكان دەتەنن، شارتان پڕكردووە لە هێزی سەوزو سورو بۆرو رەش و دەشڵێن شار ئارامە،!! كە ئارامە ئەو هەموو هێزو پاسەوانەتان بۆچیە؟
ئێوە ئامۆژگارییان دەكەن “حساب بۆ كەس مەكەن” ئەوان لەوەتەی هەن حسابیان بۆ خەڵكی نەكردووە، ئێستا كاتی ئەوەیە حساب بۆخۆشتان نەكەن.
ئەو شەقانەی ئەمڕۆ وەشێندران شەقی ئاسایی نیە، ئەو شەقانە شەقێكە لەدوای راپەڕینەوە بەناهەق دەهاویشترێن، ئەو شەقانە پێشتر لە شەقام و خۆپیشاندەردەدرا ئێستا گواستراوەتەوە بۆ بەردەم خەڵاتی بلە.
كەس بۆ ئەم رووداوە پەیوەندی بە وتەبێژی یەكێتیەوە نەكات، ئەڵێن تەقەكراوەو ئەویش پاسەوانێكی بریندارە..!!!!
محەمەد رەئوف