پڕۆژەی ڕووناکی و هەوڵی تاریکی

سی و چوار ساڵە یەکێک لەو ڕەخنانەی لە کابینەکانی حکومەتی هەرێم دەگیرێت و خراوەتە سەر زاری منداڵی ساوا تا پیری سەد ساڵە، ئەوەیە کە ئاو و کارەبا نییە.

“ئاو و کارەبا نییە” خۆی لە خۆیدا دروشمێکی ڕوخێنەری پۆپۆلیستانەیە کە ڕاست نییە. ڕاست ئەوەبوو بڵێن: هەیە و باش نییە، هەیە و بە دڵمان نییە، هەیە و بڕ و چۆنییەتییەکەی گونجاو نییە و هتد.. بەڵام دروشمی “نییە” شێواندنی ڕاستەقینەیەک بوو کە هەمووان دەیانزانی و بەرگرییان لە درۆیەک دەکرد.

کارەبا لە کوردستان لە ڕووی بڕ و چۆنییەتییەوە گونجاو نەبوو. دوو سەرچاوەی کارەبا کە وێستگە حکومییەکان و مۆلیدە ئەهلییەکان دابینیان دەکرد، پێویستییەکانی هەمووانی پڕنەدەکردەوە و بارگرانی زیادەی خستبۆیە سەر ژیانی خەڵک. ئەمە جگە لە کۆمەڵێک خاڵی نەرێنی مۆلیدە ئەهلییەکان لە ڕووی پیسکردنی ژینگە و بێزارکردنی دەوروبەر و بەرزی و نزمی ڤۆڵتییە کە دەبێتە هۆی سووتاندنی ئامێرە کارەباییەکان تا جیاوازی نرخ و کۆمەڵێک فێڵ لە بڕی ئەمپێر.. و کارەبای وێستگە حکومییەکان کە بە هۆکاری ناجێگیری سیستمی سیاسی و بوونی شێوازی جیاوازی گەندەڵیی، بەردەوام بڕێکی زۆری لێ دزراوە.

خەونی هەر تاکێکی ئەم وڵاتە ئەوە بووە جۆرێک لە دادپەروەری لەم بابەتەدا بێتە کایەوە و هەمووان بە پێی پێویستی و بڕی بەکارهێنان، ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەبێت و هاوڵاتی خۆی ئازاد بێت لەوەی چۆن و چەندی لێ بەکاردەهێنێت. ئەسڵ وایە حکومەت بۆی نەبێت خەڵک موقەیەد بکات بە بڕێکی دیاریکراو لە کارەبا، بەڵکو ئەوە هاوڵاتی خۆیەتی دەبێت بزانێت چەندی پێویستە ئەوەندەی لێ بەکاربهێنێت.

ماڵێک کە بە سێ ئەمپێری مۆلیدە کیفایەتی کردووە، ئێستا ئەگەر ٢٤ کاتژمێر هەمان بڕ بەکاربهێنێت، کرێی ٢٤ کاتژمێرەکەی لە نرخی دە کاتژمێری مۆلیدەکەی جارانی کەمتر دەبێت. زیاتریش بەکاربهێنیت، زیاتر دەدەیت.

لێرەدا دوو خاڵ زۆر گرنگە، ئەوانیش: ماڵە مەسول و شەریکاتی کاک فڵان و مقەڕاتی فیسار حزب و ڕێکخراو ناتوانن یەک وات کارەبا بدزن. دووەمیش هاوڵاتی ناتوانێ کارەبا بە فیڕۆبدات. ئەمە دووبارە ڕێکخستنەوەی پڕۆسەیەکی گرنگی کارگێڕییە و بەشێک لەو ناڕێکی و گەندەڵییانەی هەن، بنبڕ دەکرێن لەو بوارەدا. ئەمەش خواست و ئاواتی مرۆڤی دڵسۆز و ژیری ئەم وڵاتەیە.

من چەند ساڵێکە ماڵم لە ناو پڕۆژەی نیشتەجێبووندایە و دەزانم کرێی ئەم جۆرە لە کارەبا چۆنە. ئەو پڕۆژەی ئێستا تێیدام، نرخی هەر کیلۆ واتێک کارەبا ٣٠٠ دینارە. بەم شێوەیە کارەبا بەکاردێنم. ٢٤ کاتژمێر دوو بۆیلەر ئیش دەکا. بەردەوام سێ سپلێت یا دوو سپلێت و هیتەرێک کار دەکات. سەماوەرمان نییە و بۆ ئاو گەرمکردن کتری کارەبایی بەکاردێت، لە جێی تەباخی غاز، تەباخی هیتەر بەکاردەهێنین. وەلحاڵ نەوت و غاز لە ماڵی ئێمەدا بەکارنایەت و هەمووی کارەبایە. هاوینانیش موبەریدەمان نییە و هەر سپلێت بەکاردێت. مانگانە لە ساردترین وەرزدا کە زۆرترین کارەبا بەکاردێت، پارەی کارەبامان ناگاتە پێنج سەد هەزار دینار. و لە بەهار و پایزدا ئەم بڕە دادەبەزێ بۆ خوار سەد و پەنجا هەزار دینار.

دەزانم ئەم بڕە بۆ هەموو کەس گونجاو نییە، بەڵام ڕوونە کە هەمووان بەو شێوەیە کارەبا بەکارناهێنن.

تۆ دەتوانی هیتەری بۆیلەرەکەت بگۆڕی و پێویستت نییە ٢٤ کاتژمێر کاری پێبکەیت. سپلیتەکانت بگۆڕی بۆ سپلیتی ئینڤێرتەر. واز لە گڵۆپی سەد واتی و هەڵکردنی دە گڵۆپ لە ژوورێکدا بهێنە و ئیسرافە. ژوورێکی ٢٥ مەتری، بە لیدێکی ٣٠ واتی هێندە ڕووناک دەبێتەوە کە ئازاری چاو بدات. بۆیلەری غاز هەیە کە بە چەند چرکەیەک ئاوت بۆ گەرم دەکات و تێچووی نزیکە لە بەلاش. یانی دەیان ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی تۆ سوودمەندبیت لە کارەبایەکی فولی ٢٤ کاتژمێری بە خواستی خۆت و تێچووی مانگانەی لەوە تێنەپەڕێ کە جاران بە مۆلیدە و کارەبای حکومیت دەدات.

هەڵای میدیای پۆپۆلیستان؛ هەوڵە بۆ تاریکی. دەبێ ماڵەکەی تۆ تاریک و گیرفانی تۆ بەتاڵ و سکی تۆ برسی و منداڵت بێ خوێندن و نەخۆشخانەت بێ دکتۆر و تانکیت بێ ئاو بێت، تا ئەو چەند کورسییەکی زیاتر بهێنێت و پارەیەکی زیاتر خڕبکاتەوە. نانی ئەو لەسەر خراپترکردنی ژیانی تۆ و قازانجی پارتی و حکومەتی هەرێم لە باشترکردنی ژیانی تۆدایە. ئەم هاوکێشەیە بایی ئەوە سادەیە کە ژیرییەکی زۆری ناوێ بۆ تێگەیشتن.

لە پشتی زۆرێک لەو نەهامەتییانەی دووچاری خەڵک کراون، دەستی ڕەشی زمان ڕەشان هەیە. نانی ئەوان، سەرکەوتنی ئەوان پەیوەستە بەوەی ژیانی خەڵک خراپ بێت. ئەگەر ژیانی خەڵک پێرفێکت و بێ کەموکوڕی بێت، ئیدی ئەوان دروشمیان چی بێت؟ کێ بکەنە شەیتان؟ چۆن کورسی بێنن؟ ئەوان یەک یەک؛ یانی هەموو ئەوانەی دەرەوەی پارتی، لە دەستگرتن حکومەتی میلیشیایی بەغدا و ئامۆژگاریکردنیان بە بڕینی بودجەی هەرێمەوە تا دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هەر چاکسازی و پێشکەوتنێک، نەک بەشدارن، بکەری سەرەکین و لەو ڕێگەیەوە قاسەی سیاسی و ئابوورییان قەبەتر دەکەن. بەڵام نە کاروانی چاکسازییان پێ دەوەستێندرێت، نە ڕێڕەوی گەشەسەندنی هەرێم. چونکە ئەم دوو پڕۆسەیە خواست و ئیرادەی میللەتی لە پشتە.

ئارتین جەلال بەگ

ھەواڵی زیاتر