كێشەكە زۆر لە شەناغە گەورەترە
ململانێی كورد و كوردستان لەگەڵ داگیركەرانی كوردستاندا، زۆر لەوە گەورەترە كە بەشێك لە سوپای عێراق پەلاماری تراكتۆرێك و جووتیارانی گوندەكانی سەرگەڕان و شەناغەیان داوە.
ھەتا كورد بەگشتی ئەو ڕاستییەی لە مێشكدا نەچەسپێت، یان نەچەسپێنرێت، كە عێراق وڵاتی ئەو نیە و كوردستانیش عێراق نیە، ھەتا كورد بەگشتی ئەو ڕاستییەی لە مێشكدا نەچەسپێت، یان نەچەسپێنرێت، كە دەبێت لەپێشدا ھەموو كوردستان لەژێر دەستی داگیركەرانی عێراقدا دەربھێنرێت، ئنجا دوای ئەوە كوردستان وەك وڵاتێكی جیا مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات، ئەویش بە شێوەیەكی ھاوسەنگ و لەسەر بنەمای سوود و بەرژەوەندیی ھاوبەش.
ھەتا كورد بەگشتی ئەو ڕاستییەی لە مێشكدا نەچەسپێت، یان نەچەسپێنرێت كە كێشەی كورد لەگەڵ عێراق كێشەی ژمارەیەك جووتیاری خاك داگیركراوی گوندی شەناغە نییە، بەڵكوو ئەم كێشەیە كێشەی ھەموو كورد و خەڵكی كوردستانە، ئەم ڕووداوانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
ئاخر خۆ ئێستا كەركووك، خانەقین، شنگال داگیر كراون، ئیتر بۆچی بابەتەكە بھێنرێتەوە بۆ ناو گوندی شەناغە و بچووك بكرێتەوە بۆ ئەو ئاستەی كە ناھێڵن جووتیارانی كورد چەند دۆنمە زەوییەكی خۆیان بكێڵن؟
كەواتە تۆ دەبێت جارێ بابەت و جۆری ململانێكەت لەگەڵ عێراق دیاری بكەیت، بۆ ئەوەی بزانیت ئایا كێشەی كورد كێشەی ھەموو كوردستانە لەگەڵ عێراق، یان كێشەی جووتیارانی گوندی شەناغەیە لەگەڵ عێراق؟ ئەگەر كێشەی كورد لەگەڵ عێراق ھەر گوندی شەناغە بوایە، بە دوو كارمەندی ڕووپێوی ناو بەڕێوەبەرایەتییەكی كشتوكاڵ و دادگایەك و دادوەرێك چارەسەر دەكرا و ئیتر پێویستی بەم ھەموو حزبانە و 100 ساڵ شۆڕش و قوربانیدان نەدەبوو.
شەناغە دەرگای نووسینی زنجیرە وتارێكی بە ڕوودا كردوومەتەوە و ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی یەكەمی ئەو زنجیرە وتارە دەبێت.
جەمال عەبدوڵا