هاوارێک لە گوندی شەناغەوە
ئەوەتا دەبینین فاشییەکانی عێراقی عرووبە! ماوە ماوە عەرەبی هاوردەی کەرکووک لە زەوییەکانی كورد مۆڵ دەدەن، كە ناوچەی كێشەلەسەرن، جا ئەو عەرەبە هاوردانەش، بە بیری فاشییانە و پشتیوانیی هێزی چەكداری عێراقیەوە، دەیانەوێت خاک و ماڵ و کەرامەتی کورد داگیر بکەن.
لەبەرامبەردا خەڵكی كوردی خاوەن زەوی و ماڵ، جگە لە کوردبوون و پێداگری چەکی تر شک نابەن، تاوەكوو بە گژ هەموو ئەو هەڕەشە و داگیركارییانەدا بچنەوە، بۆیە جوتیار و خەڵكی كوردی خاوەن ماف و زەوی، ئامادەن مەرگ هەڵبژێرن، نەک ئەوەی خاک و زەوی ئاواییەكانیان بۆ داگیرکەر جێبهێڵن.
ئەم دەستدرێژی و داگیركارییە لەکاتێکدایە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی حزبی بەعسی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی زەوی و موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكان داوە، بۆیە خاوەن زەوییەکانی گوندی شەناغە، بڕیاریان دا دەست بە كێڵانی زەوییەكانیان بكەن، بەڵام هێزێكی سەربازیی سوپای عێراق بە هەمەڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە سەریان و نەیانهێشت زەوییەكانیان بكێڵن.
ئاشکرایە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، شوڤێنستان زۆر بێشەرمانە لە هەوڵی بەدیهێنانی خەونە گڵاوەکەی بەعسدان و درێژە بە پرۆسەی تەعریب دەدەن لەسەر خاك و زەوی و موڵك و گوندە و ئاواییەكانی كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان.
سوپا و حەشد و هێزی چەكدار لە ناوچەكە، پشتیوانیی عەرەبە هاوردەکان دەکەن و هەڕەشەی گرتن لە کورد دەکەن، پارێزگاری کەرکووکیش بێ هەڵوێست تەماشایان دەكات، بێدەنگیی پارێزگار لە ئاست ئەو دەستدرێژییانە، كە پەرلەمانی عێراق بڕیاری گەڕانەوەی موڵك و زەویی بۆ خاوەنەكانیان دەركردووە، پشتیوانیكردنە لە شۆڤێنیستان و داگیركاریی موڵك و ماڵی كورد، بێدەنگیی پارێزگاری كەركووك لە ئاست ئەم تاوان و داگیركارییە بێلایەنی نییە، بەڵكوو هاوکاری و پشتیوانیی پرۆسەی داگیركاری و نانەوەی پشێوییە، هەرگیز بێدەنگیی پارێزگاری كەركووك لەم ئان و ساتەدا بێلایەنی نییە، چونكە ئەمە ماف خواردنە و پەرلەمانی عێراق یاسای بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دەركردووە، پارێزگار دەبێ بەدەنگەوە بێ و بڕیاری بوێرانە دەربكا و رێگر بێ لە جێبەجێكردنی هەر تاوان و داگیركارییەك دەرهەق خەڵكی ناوچەكە بكرێ، بەپێچەوانەوە بێدەنگی و بێهەڵوێستیی پارێزگار، راستەوخۆ پشتیوانییە لە عەرەبی هاوردە و شۆڤێنییەكان و ئەو داگیركارییەی بە زەبری هێز بەرامبەر خەڵكی ڕەسەن و خاوەنی ماڵی ناوچەكەیدا دەكەن.
بەڵام ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق کردوویانە و دەیکەن، دەبێ بزانن، ئەو هەوڵەشیان تەنیا خەیاڵپڵاوییە و هیچی دی، ئەو خەونە گڵاوەیان هەرگیز بۆ نایەتە دی و خاوەن ماڵ هەرگیز واز لە ماڵ و موڵكی خۆی ناهێنێ بۆ داگیركار.
ئەسرین عاسی شوانی