گرینگی بەشداریکردنی مەسرور بارزانی بۆ لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان

لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، کە لە ساڵی 2013ـەوە ساڵانە لە دوبەی لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بەڕێوەدەچێت و سەرکردەکانی حکوومەت لە سەرانسەری جیهان و سەرکردەکانی کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزا و پسپۆڕ کۆدەکاتەوە، سەکۆیەکی گرینگی ناوچەکەیە بۆ تاوتوێکردنی کێشە جیهانیییەکان و ئالنگارییەکانی بەردەم حکوومەتەکان و دەرفەتێكە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و چارەسەری داهێنەرانەیە لەپێناو باشترکردنی ئەدای حکوومەت و بەرەو پێشبردنی کارەکانی.

بابەتەکانی وەک گەشەپێدانی بەردەوام، گۆڕانی کەشوهەوا، تەندروستی گشتی، پەروەردە و داهێنان لە بەڕێوەبردنی حکوومەتدا دەبنە کەرەستەی گفتوگۆ و تیشک دەخرێتە سەر ئەزموونی سەرکەوتوو لە وڵاتە جۆیاجیاکانی جیهان لە بوارەکانی سیاسەتی گشتی، تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی حکوومەت.

ئەم لووتکەیە هاوکاری نێوان حکوومەتەکان، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر دەکات، تاوەکو ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و پەرەپێدانی هاوبەشی کاریگەر وەکوو یارمەتیدەرێ بۆ باشترکردنی ئەدای حکوومەتەکان تۆکمەتر بێت و لە ڕێگەی دیالۆگی ئەرێنی سەبارەت بە داهێنانەکانی بواری حوکمڕانی و تەکنەلۆژیا و ڕۆڵی حکوومەت لە وەرچەرخانی ژمارەیی و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی ڕوو لە ئایندە بکرێت، چونکە دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی کوالێتی ژیانی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی کارایی حکوومەتەکان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتی. 

بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار مەسرور بارزانی، له لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەم بەشداربوونە، کە چوارەمین ساڵە لەسەر یەك ئەنجامی دەدات، دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و مایەی کردنەوەی دەرفەتە بۆ هاوکاری لەگەڵ حکوومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیا جیهانیییەکان و پسپۆڕان لە کەرتی گشتی و تایبەت. 

بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوزارشت له پێگەی هەرێم دەکات، وەکوو ئەکتەرێکی کارا له سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە.  

ڕێزدار مەسرور بارزانی لە دیبەیتەکانی لەگەڵ سەرکردە و بڕیاربەدەستان توانای گەورەی هەرێمی کوردستان له بوارەکانی نەوت و گاز و سامانه سروشتییەکانی دیکەی خستۆتە ڕوو و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی داوە بۆ کردنەوەی دەرگا بۆ هاوکاری نوێ لەگەڵ وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیا گەورەکان لە بوارەکانی ژێرخان، تەکنەلۆژیا و پیشەسازی؛ بەو شێوەیە دەتوانرێ وەبەرهێنان ڕابکێشرێت و گەشەی ئابووری لە هەرێم بەرز بکرێتەوە.

بەو بەشداربوونە سەرۆکی حکوومەت توانی تیشک بخاته سەر ئە زموونی سەرکەوتووی هەرێم له بواری حوکمڕانی و چاکسازیی سیاسی و ئابووری و هەرێم وەکوو نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە لە بواری پاراستی ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانە نمایش بکات. 

بە دڵنیاییەوە ئەم لووتکەیە دەرفەتێکی لەبارە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونە جیهانیییەکان و ئاشنابوون بە نوێترین داهێنانەکانی لە بواری خزمەتگوزاری گشتی و فراوانکردنی تۆڕەکانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. لە ڕێگەی دیدارە تایبەتەکانی سەرۆکی حکوومەت توانی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەت و سەرکردەکان و ڕێکخراوە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکات و ئەمەش هاوکار دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دۆسیە سیاسی و ئابورییەکان لە هەرێم. 

لەبەر ئەوەی هەرێم لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتۆتە ناوچەیەك، کە ڕووبەڕووی ئالنگاری سیاسی و ئەمنی ئاڵۆز بۆتەوە، بەشداریکردنی لەو لووتکە جیهانیییە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی دیالۆك لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان، چ لەسەر ئاستی هەرێمی بێت یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. ئەمەش دواجار بەسوودی سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە هەرێمی وەکوو چۆن لە ڕابووردوو، لە ئایندەشدا کار بۆ هاوکاریکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی و پەرەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکە. 

د.سامان سۆرانی

ھەواڵی زیاتر