ئامانجی مامۆستایانی نارازیی چیە لە هەولێر؟
ئەوان ئامانجیان ئەوە نییە کە بێن لە هەولێر خۆپیشاندان بکەن، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە ئیخبار و هەڵای سەیتەرەکەیە، چونکە دڵنیان ڕێگەیان پێ نادرێت بێنە هەولێر. بەڵام وەک هەمیشە پێویستیان بەوەیە بڵێن: ئەها لای پارتی ئازادیی نییە و ڕێگە نادات؟! ئەها ئێمە لە سلێمانی چەند ئازاد و یۆنان و سویسراین؟! جا سەیربکەن مایک و پەیج و کەناڵ و کامێرا لەگەڵ خۆیان زۆرتر دێنن تاوەکو خۆپیشاندەر!
خۆی ئەم ئارەزووەیان کە جێی نان و ئاو و ئەمنیەت و خزمەتگوزاریشی بۆ گرتوونەتەوە، لەبەرامبەر هەر ناڕەزاییەکی خەڵک دژ بە خۆیان، یەکسەر بەم تێزە دەمکوتیان دەکەن! چیتان لە یەکێتی دەوێت؟ ئەوە نییە ئازادن؟ ئەوە نییە ڕۆشنبیرن؟! یانی کابرا نان نییە بیخوات، شەقامی نییە بەسەریدا بڕوات، ماوەی دە ساڵە لەو شارەدا یەکێتی جگە لە بۆیاخکردنەوەی محەجەرەکانی سەهۆڵەکە و تەعمیرکردنەوەی باخی گشتی، هیچی تری بۆ نەکردوون، کەچی بەوە دڵی خۆشکراوە کە ئازاد و ڕۆشنبیرە و مرۆڤایەتی لە دەرەوەی بازنە خەیاڵییەکەی ئەوان، هەمووی وەحشی و هۆڤانی و کەلەپچەن!
لەو دیوی دێگەڵەوە هەتا کەلار، بە ئاو و خاک و مەرز و گومرک و باج و زەریبە و زەوییەوە، بێ موناقەشە و بیلا مونازەعە، هەمووی هی یەکێتییە، تەنیا کێشە و موصیبەتەکانی زۆنەکە نەبێت کە پێی وتراوە خەتای پارتییە و ئەویش باوەڕی کردووە!
یانی بە باشی تەڵقینیان داون: ئەگەر جادەکەتان باشە، ئەوە خۆمان چاکمان کردووە، بەس ئەگەر خراپە، خەتای پارتییە! کە معاش بێت، ئەوە یەکێتی چووە لە بەغداد چاکی کردووە، بەس ئەگەر نەیەت خەتای پارتییە! کارەبا باش بێت، یەکێتی زیادی کردووە، بەس ببڕێت خەتای پارتییە! جا بە شارەزایانە ئەمەیان لە کەللەی جەماوەری بن دەستی خۆیاندا چەسپاندووە! چونکە تێگەیشتوون باشتر لەوەی کە بەنداوێک بۆ خەڵکەکەیان دروست بکەن، ئەوەیە کە پارتییان لا ناشرین و ترسناک بکەن!
بۆیە هەمیشە پێویستیان بە گەشەپێدانی ئەو تەفسیرەیە کە بەردەوام بۆ پارتییان کردووە! هاتنیشیان گوایە بۆ هەولێر، دەقیقەن هاتنە تا سەیتەرەکە، جا سبەی هەموویان فۆکەس ئەخەنە سەر میکزەمینییەکە و ..بیکەیسییەکی بەسەرەوەیە و لولەی کڵاشینکۆفی ئاسایشێک زووم ئەکەن و موبایلەکانیان دەردێنن و لایڤ دەکەنەوە، ئەها نایەڵن… ئەها… ئەها نایەڵن! خەڵکینە ئەها چەند دیکتاتۆرن؟ ئەها چۆن لە میللەت ئەترسن… ئیتر بەرە و سولی ئەگەڕێنەوە و خوا پێم نەگرێ لە کانی وەتمانیش لا ئەدەن و پارشێوێکی چاکی بۆ دەکەن…