گرفتی پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا
پارتی وەک بەهێزترین پارتی سیاسی کوردستان و عێراق، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە سەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقیدا گرێیەکی هەیە، گرێیەک کە ختامه مسك، نییە! بەڵکو کۆتاییەکەی هەمیشە سەرئێشە و کێشە و دووبارە تێهەڵچوونەوەیە لەگەڵیاندا و لە زۆربەی کاتەکانیشدا دەستپێکردنەوەیە لە خاڵی سفرەوە.
پارتی، چونکە خاوەنی هەڵوێستی نەگۆڕی سیاسی خۆیەتی و نوێنەرایەتی راستەوخۆی دۆزی کورد دەکات لە ناوچەکەدا و سازش لەسەر مافی خەڵکی کوردستان ناکات، بۆیە لە قورسترین کێبڕکێی سیاسیدایە و رووبەڕووی هێرش و پەلاماردانیش دەبێتەوە لەسەر هەموو ئاستەکان بە کەرەستەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەمەجۆر.
گرێی پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا خۆی لە نەبوونی پابەندی هاوپەیمانەکانیدا دەبینێتەوە بە بەڵێن و واژۆ و بڕیارەکانییانەوە، هەر جارێک هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسیدا کردبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەرەتا کارەکان بە ئاسایی ڕۆشتوون، بەڵام کاتێک وادەی حکومەت ساڵێکی دەمێنێت بۆ کۆتایی هاتن، ئەوکات هاوپەیمانەکانی دەکەونە وێزەی پارتی و هەرچی فشار هەیە دروستی دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لای خەڵک بە فریشتە و پارتیش بە دێوەزمە نیشان بدەن و هەموو بەرپرسیارێتییەکان بخەنە ئەستۆی پارتی و خۆشییان لە سێبەردا بهێڵنەوە و چاوەڕوانی دەرفەتی داهاتوو بکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دوور لە بەرژەوەندی پارتی.
لە عێراقیشدا پارتی هەمان گرێی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، بە هەمان ستراتیژ بەڵام بە فۆڕمێکی جیاواز!
سەرەتا هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی پارتی بەشداری لە حکومەتی عێراقدا بکات و هەموو گفتوگۆکان نەرمی بەخۆیانەوە دەبینن و واژۆ بۆ داواکارییەکانی پارتی دەکەن و کات بۆ جێبەجێکردنییان دادەنێن و خۆیان بە پابەند دەزانن پێوەی تا حکومەت پێکدەهێنن، بەڵام بە هەمان شێوەی هاوکێشەکەی ناوخۆ، پاشان کە کاتی حکومەتی عێراق بەرەو تەواوبوون دەچێت و ساڵێکی دەمێنێت بۆ وادەی هەڵبژاردن، هاوپەیمانەکانی پارتی پاشگەز دەبنەوە لە هەموو بەڵێن و واژۆ و بڕیارەکانییان و کاردەکەن بۆ رازیکردنی شەقامی سیاسی خۆیان لەسەر حسابی پارتی و مافی خەڵکی کوردستان!
ئەم گرێیە بۆ پارتی، لە کابینەکانی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەردەوامە، هەمیشە زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵکی کوردستان بووە و دواجاریش هەر پارتی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرتووە و خۆی و خەڵک و هاوپەیمانەکانیشی رزگار کردووە.
ئەم هاوکێشەیە بۆتە مۆرک بۆ هاوپەیمانەکانی پارتی و راهاتوون لەسەری و زۆر ئاسان سەرمایەگوزاری پێوەدەکەن و کەموکوڕی و بۆشاییەکانی خۆیانی پێ پڕدەکەنەوە و باری قورسی سەرشانیشییان دەخەنە سەر شانی پارتی.
چونکە بەهێزی پارتی کراوە بە کەرەستە بۆ خۆبەهێزکردنی هاوپەیمانە ناوخۆیی و عێراقییەکانی پارتی، لە ناوخۆ بۆ دورکەوتنەوە لە بەرپرسیارییەتی و لە عێراقیش بۆ راکێشانی سۆزی شەقامی سیاسی پارتە سیاسییەکان.
بۆ گرێبەستی سیاسی نوێش لە داهاتوودا، پێویستە پارتی رێگای نوێی پابەندکردن بدۆزێتەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، بۆ ئەوەی هەمان هاوکێشە و هەمان فۆڕم لە بیرکردنەوە و مامەڵەکردن بەردەوام نەبێت.
بڵند نەورەس