ژن لە نێوان دوو جەمسەری توندووتیژیدا
ژن لە جەمسەی خێزانی باوك سالاری و جەمسەری کۆمەلگەی پیاو سالاریدا گوزەر دەکات، کە واتە ژن دووجار بووتە قوربانی. جارێك بەهۆی جیاوازی چینایەتی و جارێك بەهۆی رەگەزەکەیانەوە کە لە لایەن ڕەگەزی نێرینەوە دەچەوسێنرێنەوە.
تووندوتیژی پیاوان بەرامبەر بە ژنان ڕابردوویەکی دووروو درێژی هەیە، باوك دەیدات بە کوڕ و کوڕیش دەیداتەوە بە کورەکەی خۆی.
بەگوێرەی بۆچوونی پسپۆڕان، هۆكارەكانی هەڵكشانی رێژەی ئەو دیاردەیە لە كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە بۆ گەلێك هۆكاری جیاجیا، لەوانەش زیادبوونی گرفتە كۆمەڵایەتییەكان و كێشەی ئابووری و ئاڵۆزیی دۆخی سیاسیی وڵاتەكە و ئایین و چەندان هۆكاری تاكەكەسیش.
تووندوتیژی جۆری زۆرە وەك:
تووندوتیژی جەستەیی، دەروونی، تووندوتیژی دژ بە تاك یان دژ بە کۆمەڵ، تووندوتیژی خێزان و تووندوتیژی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لە سەرووى هەموو ئەمانەشەوە تووندوتيژی دین و مەزهەب.
تووندوتیژی دژ بە ژنان بارودۆخێکی خنکینەرو سامناکە و لە سەرتاسەری جیهان بوونی هەیە، بەلام لە ولاتێکەوە بۆ ولاتێكی تر جیاوازە.
هەر کۆمەڵگەیەک ڕێژەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تیایدا لە هەڵکشاندا بوو وەك: جیابوونەوەی ژن و مێرد، نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروستی مندال، چەوساندنەوەی دەروونی و لاوازی سیستەمی پەروەردەیی. نەبوونی دیالۆگ لە نێوان خەڵکدا.
هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە، نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یەکسانی لە ناو کۆمەڵدا، پێشێلکردنی یاسا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە. گەندەڵی و نەبوونی ئازادی و نەبوونی هەلی کار بەشیوەیەکی یەکسان، گرانی بازاڕ و قەیرانی نیشتەجیبوون، کاتێک ئەمانە هەموویان لە کۆمەڵگەدا هەبوون، ئەکرێت بڵێین لەو کۆمەڵگەیەدا زەمینەخۆشە بۆ کاری توندوتیژی.
لە ئێستادا تووندوتیژی لە هەرێمی كوردستان، رۆژ بەرۆژ بەرەو زیادبوون دەچێت هۆكاری ئەمە چیە؟
تووندوتیژی جۆر و شێوازی زۆرە وەکو ئاماژەم پێکرد، بیگومان بەپێی ئەوەش هۆکارەکانی جیاوازن. هۆکاری تووندوتیژی کۆمەڵایەتی یان خێزانی جیاوازە لە هۆکاری توندوتیژی سیاسی. بەڵام هۆکاری هاوبەشی نێوانیان ئەگەڕێتەوە بۆ هەڵچوون و توڕەبوون و گیانی تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی گیانی لێبووردن و پەروەردەی سەقەتی خێزان و کۆمەڵگە و سیستەمی فێرکردن.
لەسەر ئاستی خێزاندا (باوک، دایک، برا گەورە) دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پەروەردەکردن و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەندامانی بچووکی ناو خێزانەکە. چونکە ئەوانن دەبنە پێشەنگ بۆ منداڵان و بەتایبەت لە قۆناغی هەرزەکاریدا، چونکە منداڵ لاسایی گەورە دەکاتەوە لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتدا و گەورەش کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر کەسێتی منداڵ.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگەشدا، دەسەڵاتی سیاسی بە پلەی سەرەکی و پاشان ئاین و دابونەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵی زۆریان هەیە بەسەر کۆمەڵگەوە و زەمینە خۆشکەری تووندوتیژین. بۆ نموونە: ئەم شوێنانەی تاکی تێدا ئاراستە دەکرێت، بەوەی هەرتاکەو بە مانا جیاوازیەکانەوە بڵنگۆیێکیان هەیە کە تێیدا ئاراستە دەکرێن و بەو نێوەندەشیانەوە کاریگەرن چ لە ئاستی تاکبێ ئاراستە دەکرێن چ لە ئاستی گروپ و نێوەندیتر کە تێیدا لێدوان و پەیامی سەیروسەمەرە دەدرێت و هانی خەڵک دەدەن بۆ کاری تووندوتیژی.
هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ پەرەسەندنی دیاردەی تووندوتیژی دژ بە ژنان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.